لە ئەفغانستان برسییەتی خێزانەکان ناچار دەکات منداڵەکانیان بفرۆشن
چی بەسەر ئابووری ئەفغانستان هاتووە؟ ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاری ترسناک ئاشكرا دەکەن.
بڕینی هاوکارییەکانی وڵاتانی بیانی لە ئەفغانستان، ئابووری وڵاتاکەی ڕووخاندووە و دیاردەی فرۆشتنی منداڵ دروست بووە!
ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی نیوز ئاشکرای کرد، باوکان لە ئەفغانستان بەهۆی برسییەتییەوە بەناچاری منداڵەکانیان دەفرۆشن تا بتوانن لە ژیان بمێننەوە. باوکان زیاتر کچان دەفرۆشن نەک کوڕەکانیان، چونکە لە ڕووی کولتوورییەوە کوڕان بە دابینکەری داهاتووی بژێوی خێزان دەبیندرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاڵیبان مافی کچانی بۆ خوێندن و کارکردن بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرد.
یەکێک لە باوکەکان بە ناوی "سەعید ئەحمەد" بۆ کەناڵی بی بی سی نیوز قسەی کردووە و دەڵێت: "دوای ئەوەی کچە 5 ساڵانەکەم تووشی هەڵئاوسانی ریخۆلە کوێرە و کیسی ئاو بوویەوە لە جگەری، پارەم نەبوو چارەسەی بکەم، بۆیە بە خزمێکم فرۆشت بە بڕی 3 هەزار و 200 دۆلاری ئەمریکی، بەم بڕە پارەیەش نەشتەرگرییان بۆ کرد و چارسەرکرا."
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا لە ئەفغانستان سێ لە چوار کەس ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن. بێکاری بەربڵاوە، تەندروستی لە کێشەدایە و ئەو یارمەتییەی کە پێشتر پێداویستی سەرەتایی بۆ ملیۆنەها کەس دابین دەکرد، ئێستا بەشێوەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 2021 لە ئەفغانستان کشانەوە، تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت و تا ئێستا حکومڕانی دەکات. دارووخانی ئابووری وڵاتەکە (کە بەتەواوی پشتی بە هاوکاری وڵاتانی دیکە دەبەست) 90%ـی دانیشتووانەکەی تووشی هەژارییەکی ترسناک کردووە. 4.7 ملیۆن کەس بەهۆی قەیرانی برسییەتییەوە دەناڵێنن، کە 10%ـی دانیشتووانی وڵات پێکدەهێنێت.
پێشووتر ئەمریکا لە هاوکاری مرۆیی بۆ ئەفغانستان بە پلەی یەکەم دەهات، بەڵام ساڵی پار نزیکەی سەرجەم هاوکارییەکانی بڕی، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی دیکەش وەک بەریتانیا، بەهەمان شێوە هاوکارییەکانی بۆ ئەفغانستان کەم کردووەتەوە. ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشكرای دەکەن کە ڕێژەی هاوکارییەکانی وڵاتانی بیانی بۆ ئەفغانستان 70% کەمتربووەتەوە بەراورد بە ساڵی 2025.