هەولێر لە بەغدا شورتەی وێران کرد
هەولێر لە بەغدا سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمارکرد
یانەی هەولێر لە یارییەکی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 0-2 لە یانەی شورتەی بردەوە.
یاریزانانی یانەی هەولێر لە سەرەتای گێمی یەکەمەوە بە پلانێکی هێرشبەرانە و گوشارێکی زۆرەوە هاتنە ناو یاریگا، ئەم هێرشانە زۆری نەخایاند و لە خولەکی 15ـدا بەرهەمی خۆی دا، کاتێک مارلین چۆبانۆڤ بە لێدانێکی بەهێز و سەرنجڕاکێش گۆڵی یەکەمی پێشکەوتنی بۆ هەولێر تۆمارکرد.
یارییەکە تەنها هێرشبەری نەبوو، بەڵکو درامای بەرگریشی تێدا بەدیکرا، لە خولەکی 38ـدا ناوبژیوان لێدانێکی سزای پەنارتی بۆ یانەی شورتە هەژمارکرد، بەڵام کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بە کارامەییەکی بەرزەوە توانی لێدانەکە بگەڕێنێتەوە و گۆڵی خۆی بە خاوێنی بهێڵێتەوە، ئەمەش ورەی یاریزانانی هەولێری لە کۆتایی گێمی یەکەمدا بە بەرزی هێشتەوە.
لە گێمی دووەمدا شێوازی یارییەکە زیاتر پشتی بە هێرشی پێچەوانە بەست، لە یەکێک لەم هێرشە خێرا و ڕێکخراوانەدا کریستیان بارکۆ توانی گۆڵی دووەم بۆ هەولێر تۆمار بکات و سەرکەوتنی تیپەکەی لە یارییەکەدا مسۆگەرتر بکات.
لە خولەکی 79ـدا، دوای گومانکردن لە حاڵەتێکی بەرگریکاری هەولێر نیاز محەممەد، ناوبژیوان بۆ دڵنیابوونەوە گەڕایەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار، بەڵام دوای پێداچوونەوە بڕیاریدا کە هیچ سەرپێچییەک نییە و لێدانی سزا هەژمار نەکرا.
بەم سەرکەوتنە گەورەیە یانەی هەولێر کۆی خاڵەکانی خۆی گەیاندە 73 خاڵ و پێگەی خۆی لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەکەدا جێگیرتر کرد، لە کاتێکدا یانەی شورتە بە 76 خاڵ هێشتا لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ماوەتەوە.