نزیکەی 9 هەزار پێشمەرگە پلەیان بەرز دەکرێتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە پلەی نزیکەی 9 هەزار پێشمەرگەی بەرزکردەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکرد و لە چوارچێوەی خشتەی نەورۆزی 2026 دا پلەی 8 هەزار و 758 پێشمەرگە و کارمەندی وەزارەتەکەی بەرزکردەوە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی ڕێکخستنەوەی میلاکات و پێدانی شایستە یاساییەکانی هێزی پێشمەرگە تەماشا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە مافێکی شایستە و یاسایی پێشمەرگەیە، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: "ئەم بڕیارە پاداشتی دڵسۆزی و ماندووبوونی بەردەوامی پێشمەرگەیە لە پاراستنی خاک، نیشتمان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان. پێشمەرگە هەمیشە وەک پارێزەری سەرەکی هەرێمی کوردستان، شایستەی هەموو ڕێز و پێزانینێکە."
ئەم خشتەی پلەبەرزکردنەوەیەی نەورۆزی 2026 تەنیا تایبەتە بە کارمەندان و پرۆسەکە لە پلەی پێشمەرگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو پلەی نائیب زابت مومتاز دەگرێتەوە، بەوپێیەش لەم قۆناغەدا ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتەکە ناگرێتەوە.