پایتەخت

جەی دی ڤانس: خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت

جەی دی ڤانس: خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت
کورتە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هاوسۆزیی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان دووپاتکردەوە

 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هاوسۆزیی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان دووپاتکردەوە و نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان نیشاندا و گووتی: "خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت، بەڵام هەبوو پێشێڵکاری لە ئاگربەستدا شتێکی نامۆ نییە".

 

ئەمڕۆ سێشەممە، جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی، ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئێمە خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت، هەرکاتێک هێرشی درۆنی یان مووشەکی لایەنەکان، بەتایبەت کە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئەمە بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە کە ئێمە ئارەزووی بینینی بکەین".

 

جەی دی ڤانس لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە بوونی پێشێلکاری لە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستدا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام ئەمە هەڵوێستی ئەمریکا ناگۆڕێت لە پاراستنی مەدەنییەکان.

 

ئەم لێدوانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیلدا، بەڵام تاران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق، هێشتا لە پەرەپێدانی هێرشە درۆنی و مووشەکیەکانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

 

هەر ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری هێرشەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی دەزگای ئاسایش، کاتژمێر 10:05ـی شەوی دووشەممەی ڕابردوو، کەمپی پەنابەران لە ناوچەی "سوورداش" بە دوو مووشەک و سێ درۆن کراوەتە ئامانج، ئاسایش دڵنیایی داوە کە خۆشبەختانە ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

19 ئایار 2026 23:38
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026