بزووتنەوەی ئیسلامی: هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە
بزووتنەوەی ئیسلامی داوایەکی بەپەلە لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
بزووتنەوەی ئیسلامی داوایەکی بەپەلە لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە کۆتایی بەم بەستەڵەکە سیاسییەی ئێستا بهێندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بڵاو کردەوە کە تێیدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و ئەندامانی هەڵبژێردراوی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لە پێناو تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی، هەرچی زووە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و ئەم دامەزراوە تەشریعییە کارا بکەنەوە.
بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی ئێجگار هەستیار، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، درێژەکێشانی فەراغی یاسایی و پەککەوتنی پەرلەمان، مەترسیی ڕاستەقینە و گەورە لەسەر قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بۆیە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک تەنها دەرچە دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی حوکمرانی و چاکسازیی سیاسی.
لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکە بزووتنەوەی ئیسلامی داوا دەکات کۆتایی بەم بەستەڵەکە سیاسییەی ئێستا بهێنرێت و دەڵێت: "پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە مەمەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە ئۆباڵی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو یان مەترسییەک کە ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێمی کوردستان ببێتەوە، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە ئامادە نین نەرمی بنوێنن و هەنگاو بەرەو تەبایی، ڕێککەوتن و پاراستنی یەکڕیزیی گەلی کوردستان بنێن."