پایتەخت

ئەزموونی خزمەتگوزارییەکانی هەولێر دەبەینە نەجەف

ئەزموونی خزمەتگوزارییەکانی هەولێر دەبەینە نەجەف
کورتە

مۆدێلی سەرکەوتووی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازرێتەوە


 
لە پێناو گواستنەوەی مۆدێلی سەرکەوتووی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، یوسف مەککی قەناوی، پارێزگاری نەجەف، سەردانێکی فەرمی بۆ شاری هەولێری پایتەخت ئەنجامدا.


 
یوسف قەناوی، پارێزگاری نەجەف لە میانی سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەنجامدا، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دیدارانە تایبەت بوون بە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، ژێرخان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.


 
پارێزگاری نەجەف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەم سەردانەمان دەستپێشخەرییەکە بۆ دروستکردنی پردی هاوکاریی قووڵتر لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە لە نزیکەوە سوود لەو بازدانە گەورەیە وەربگرین کە هەرێمی کوردستان لە بواری خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردندا بەدەستی هێناوە، تا بتوانین لە نەجەف جێبەجێی بکەین."


 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یوسف قەناوی پێزانینی قووڵی خۆی و شاری نەجەفی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەبەرامبەر ئەو پێشوازی و ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە بەردەوامانەی کە ساڵانە پێشکەش بە زیارەتکارانی شیعە دەکرێن لە کاتی بەشداریکردنیان لە مەڕاسمە ئاینییەکاندا، هیوایشی خواست ئەم هەنگاوانە ببنە مایەی توندوتۆڵکردنی زیاتری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نێوان هەردوولا.


 
شاری نەجەف وەک چەقی مەرجەعییەتی شیعەکان لە عێراق دەناسرێت هەمیشە پێگەیەکی ڕێزلێگیراوی لای گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەبووە.پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاش لەسەر بنەمای ڕێز و مێژوویەکی هاوبەش بونیادنراوە.

19 ئایار 2026 23:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026