لەمەودوا پێویست ناکات مۆڵەتی شۆفێری لە گیرفانتدا هەڵبگری
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانڤبەرەو بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێدا بەرەو بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە فەرمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لە ڕێگەی سەکۆی (KRDPass) ناساند و هەمان هێزی یاسایی مۆڵەتی کلاسیکی (کارت)ی پێبەخشی، بەم بڕیارە چیتر شۆفێران ناچار نین مۆڵەتەکەیان لە چزدانەکانیاندا هەڵبگرن، بەڵکو دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانیانەوە پێشانی ئەفسەرانی هاتووچۆی بدەن.
بڕیارەکە لە چوارچێوەی بەیانی ژمارە (11)ی ساڵی 2026ـی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە کە ئەمڕ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، بە واژووی وەزیری ناوخۆ دەرچووە، ئەم هەنگاوە پاڵپشت بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ (ژمارە 6ـی ساڵی 2009) و یاسای هاتووچۆ (ژمارە 86ـی ساڵی 2004ـی هەموارکراو) نراوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر بە هاووڵاتییان.
بەیاننامە فەرمییەکەی وەزارەت وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە نوێیە لە پێنج ماددەی سەرەکیدا دەخاتە ڕوو:
- ماددەی یەکەم: بەفەرمی ناساندن و کاراکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لە چوارچێوەی سەکۆی KRDPass بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری .
- ماددەی دووەم: شۆفێران دەتوانن لەکاتی داواکردنی مۆڵەت لەلایەن ئەفسەر یان کارمەندی هاتووچۆوە، بە دوو شێواز مۆڵەتەکەیان بخەنە ڕوو: یان شێوازی باوی (کارت) یان شێوازی دیجیتاڵی لەسەر مۆبایلەکەیان.
- ماددەی سێیەم: مۆڵەتی دیجیتاڵی لەسەر سەکۆی KRDPass خاوەنی هەمان هێزی یاسایی و خەسڵەتی مۆڵەتی کارت دەبێت.
- ماددەی چوارەم: فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری بەرپرس دەبێت لە دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستنی زانیارییەکان و ڕێکارەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی (Electronic Verification) بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک.
- ماددەی پێنجەم: بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە ژمارە 6ـی ساڵی 2009 جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی کوردستان" بڵاودەکرێتەوە.
ئەم وەرچەرخانە تەکنەلۆژیایە قۆناغێکی نوێی حکومەتی ئەلیکترۆنییە لە هەرێمی کوردستان، کە تیایدا مۆبایلی هاووڵاتیان دەبێتە ناسنامەی یاساییان لە کاتی شۆفێریدا.