ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و تەڵاقی بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ئامارەکان، لەو مانگەدا 31 هەزار و 499 گرێبەستی هاوسەرگیری لە سەرانسەری عێراق (بەدەر لە هەرێمی کوردستان) تۆمارکراون، لە بەرامبەردا 6 هەزار و 628 حاڵەتی تەڵاق ڕوویانداوە، ئەمەش واتە لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک نزیکەی دانەیەکیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە.

 

بەغدا بە دیوی ڕەسافە و کەرخەوە لە پلەی یەکەمی زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیری و تەڵاقدایە و پارێزگای موسەنناش کەمترین ڕێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا 110 حاڵەت بووە.

 

شارەزایان هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی تەڵاق بۆ قەیرانی ئابووری، بێکاری، کێشەی نیشتەجێبوون، خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و هاوسەرگیری پێشوەختە دەگێڕنەوە کە زیانی گەورەی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی گەیاندووە.