ئەمریکا 5 مەرجی نوێ بۆ ئێران دادەنێت
بە گوێرەی ئەو مەرجانەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستان پێشکەشەی یەکتریان کردووە، پێشبینی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکرێت.
ئەمریکا بۆ قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران 5 مەرجی نوێ دادەنێت و لە بەرامبەردا ئێران بەهەمان شێوە بە 5 مەرجی نوێ وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی وردەکاریی ئەو پێشنیاز و مەرجە نوێیانەی ئەمریکای ئاشکرا کرد کە ئاراستەی تارانی کردوون بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان، لە بەرامبەردا، ئێران بە دانانی پێنج مەرجی پێشوەختە وەڵامی واشنتنی داوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی بۆشاییەکی گەورە لە نێوان پێگەی هەردوو وڵاتدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، واشنتن وەک وەڵامێک بۆ پێشنیازەکانی پێشتری ئێران، پێنج مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی وەک بنمایەک بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەکی داهاتوو دیاری کردووە:
- نەدانی هیچ جۆرە قەرەبوویەک بۆ زیانەکانی ئێران.
- گواستنەوەی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بۆ ئەمریکا.
- کەمکردنەوەی بەرچاوی چالاکییە ئەتۆمییەکان بە شێوەیەک کە لە تەواوی ئەو وڵاتە تەنیا یەک کۆمەڵە دامەزراوەی ئەتۆمی بە چالاکیی بمێنێتەوە.
- بەردەوامبوونی بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئێران، واشنتن تەنانەت ئامادە نییە %25ـی ئەو پارانەش ئازاد بکات.
- نەبەستنەوەی پرسی ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بوارەکاندا بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە.
ڕاپۆرتە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەنانەت ئەگەر تاران بەم مەرجە قورسانەش ڕازی بێت، هێشتا گەرەنتیی تەواو نییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوخۆی ئێران، لەمبارەیەوە شارەزایان پێیان وایە کە ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم پێشنیازە تووندانەوە دەیەوێت ئەم ئامانجانە بپێکێت کە لە کاتی جەنگدا نەیتوانیوە بە دەستیان بهێنێت.
لەکاتێکدا واشنتن داوای سازشی گەورە لە تاران دەکات، لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە چوونە ناو هەر پرۆسەیەکی دانوستانەوە پێویستی بە هەنگاوی کرداری هەیە بۆ دروستکردنی متمانە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێران پێنج مەرجی پێشوەختەی دیاری کردووە:
- ڕاگرتنی جەنگ لەسەرجەم بەرەکان بەتایبەتی لە لوبنان.
- هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر ئێران.
- ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکای ئێران.
- قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ کە بەر ئێران کەوتووە.
- دانیپێدانی فەرمی و نێودەوڵەتی بە سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی هورموزدا.