پایتەخت

دووەم بنکەی سەربازی ئیسرائیل لە عێراق دۆزرایەوە

دووەم بنکەی سەربازی ئیسرائیل لە عێراق دۆزرایەوە
کورتە

ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز زانیاری شۆکهێنەر لەبارەی هەبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە عێراق ئاشكرا دەکات.

شوانکارێکی عێراقی بە ڕێکەوت بنکەیەکی سەبازی نهێنی ئیسرائیل دەدۆزێتەوە و دەکوژرێت، بەرپرسانی عێراق ئێستا بانگەشەی هەبوونی بنکەیەکی دیکەش دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، نیویۆرک تایمز لە زاری ئەمیر ئەل شەماری، ئامۆزای ئەو شوانکارەی بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی عێراق دۆزیەوە و بەدەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا، ئاشکرای کرد، شوانکارە تەمەن 29 ساڵانەکە لە 3-3-2026 گەشتێکی بۆ کڕینی سەوزە و میوە لە شارۆچکەی ئەل نوخەیبە کردووە و لە ڕێگەدا تووشی بنکەیەکی نهێنی سەربازی ئیسرائیل بووەتەوە.

بە گوتەی ئەمیر ئەل شەماری، خۆی هێلیکۆپتەر، سەرباز و ژماریەک چادری بینیوە و لەمبارەیەوە هێزەکانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، بەرپرسانی عێراقیش دوای وەرگرتنی زانیاری بە نیویۆرک تایمزیان ڕایاگەیاندووە، ئیسرائیل لەو شوێنە لە دژی ئێران پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی دەکرد و بنکە مێژووی سەربازییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025 و لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دروست کراوە، هاوکات "بنکەیەکی سەربازی دیکەی ئیسرائیل لە ناوچەکە بوونی هەیە."

پێشووتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردبوو، ئیسرائیل کەمێک دوای دەستپێکی جەنگ لەگەڵ ئێران لە 28-2-2026، بنکەیەکی سەربازی نهێنی لە بیابانەکانی عێراق دامەزراندووە، ئەمەش بەمەبەستی پشتیوانیکردنی توانای ئاسمانی وڵاتەکە لە جەنگیان لە دژی ئێران.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، ئەمریکا لە مانگی شەشی 2025ـەوە ئاگاداری ئەو بنکە سەربازییەی ئیسرائیل بووە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمریکا زانیاری لەسەر هەبوونی بنکە سەربازییەکەی ئیسرائیل بە هێزەکانی عێراق نەداوە.

17 ئایار 2026 15:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026