شەڕکەرە کوردەکە ئەمریکای شۆک کرد
نامۆ فازڵ دووبارە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و توانی یاریزانێکی ئەمریکی ببەزێنێت.
نەوەی سەڵاحەددین مێژووی نووسییەوە؛ نامۆ فازڵ ڕکابەرە ئەمریکییەکەی بەزاند و ئاڵای کوردستانی لە ئەمریکا بەرز کردەوە.
نامۆ فازڵ، پاڵەوانی ناوداری کورد سەرکەوتنێکی مێژوویی نوێی لە کاروانی وەرزشی خۆیدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە هۆڵی بەناوبانگی (Intuit Dome)ـی لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا توانی لە کەمتر لە شەش خولەکدا شکست بە جەیک بابیان، ڕکابەرە ئەمریکییەکەی بهێنێت.
نامۆ فازڵ کە پێشتر بەڵێنی دابوو ڕکابەرەکەی تەختی زەوی بکات، لە گەڕی دووەمی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا و تەنها دوای 58 چرکە، بە بەکارهێنانی تەکنیکی خنکاندنی "ئانا کۆندا" (Anaconda choke) سەرکەوتنەکەی یەکلاکردەوە و بابیانی ناچار کرد خۆی بەدەستەوە بدات، بەم سەرکەوتنە، ئەم شەڕکەرە تەمەن 29 ساڵانە کە خاوەنی ڕەگەزنامەی فینلاندایە، ژمارەی سەرکەوتنەکانی لە فیدراسیۆنی جیهانیی هونەرە جەنگییەکان (MMA) گەیاندە 10 بردنەوە بەرامبەر بە تەنها یەک شکست.
ئەم پاڵەوانە کوردە کە لە نێو هاندەراندا بە "نەوەی سەڵاحەددین" ناسراوە، سەرەڕای یاسا توندەکانی فیدراسیۆنە جیهانییەکان کە تەنها ڕێگە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتانی ئەندام دەدەن، بەڵام دیسانەوە نامۆ فازڵ لە سەرجەم دەرکەوتنەکانیدا بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە دەچێتە ناو یاریگاکە و یارییەکەی بە سوژدەبردن بە ئاڵای کوردستان کۆتایی پێدەهێنێت و گوتنەوەی دروشمی "بژی کورد و کوردستان" و "خودا گەورەیە"، سەرنجی میدیا جیهانییەکانی ڕاکێشا، نامۆ دوای یارییەکە گووتی: "هێز و تواناکەم هی خۆم نییە، بەڵکو هی گەلی کوردە."
نامۆ فازڵ لە وێستگەی پێشووی سەکۆ جیهانییەکاندا، سەرکەوتنێکی تری بەسەر "یاقوب سولیمانۆڤ"ـی چیچانیدا بەدەستهێنابوو؛ ئەو یاریزانەی کە بەهۆی بەهێزییەکەیەوە، چەندین پاڵەوانی جیهانی ئامادە نەبوون ڕووبەڕووی ببنەوە.