پەیامێک لە ئەژی ئەمینەوە لەبارەی لالەزار
ئایا دادگاییکردنی لالەزار تەنها شانۆگەرییەکە؟ ڕەخنە توندەکانی ئەژی ئەمین
ئەژی ئەمین لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی شێوازی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار لە سلێمانی کرد و پرۆسەکەی بە نادادپەروەرانە وەسف کرد.
له بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕاگیراوان لەژێر فشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بە دانپێدانان کراون، ئەمەش لە کاتی دانیشتنی دادگادا لەلایەن یەکێک لە شایەدەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەژی ئەمین ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێشێلکردنی ئاشکرای بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948 و ڕێککەوتننامەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هەروەها لە ڕووی یاسای ناوخۆییەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەپێی ماددەی 37ی دەستووری عێراق و ماددەی 127ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی، هەر دانپێدانانێک لەژێر ئەشکەنجەدا هاتبێتە بەرهەم پووچەڵە.
لە کۆتاییدا داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە بێدەنگ نەبن و ڕێگری لە تێکدانی شکۆی دامەزراوە دادوەرییەکان بگرن.
دهقی ڕاگهیهندراو؛
هاووڵاتییانی کوردستان
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان
ئەوەی لە میانەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار ڕوویدا و بیسترا، مایەی هەڵوەستەلەسەرکردنە. سەرانی یەکێتیی ئێستای دەباشان، وەکو چۆن تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان زەلیل کردووە، دەیانەوێت ئەو زەلیلی و حوکمڕانییەی جووتبرا لەناو شار پیادە بکەن و حورمەتی دادگا بشکێنن.
دوای سێ جار دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار، دەرکەوت دادگاییکردنەکە گاڵتەجاڕانەیە؛ چونکە سەرانی یەکێتیی ئێستا دەیانەوێت وا نیشانی خەڵک بدەن کە ئەوە دادپەروەری و حوکمی قانونە بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا بافڵ حیسامەدین و قوباد حیسامەدین، دوور لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی کوردانە، دەیانەوێت بە ئەشکەنجەدان، سوکایەتیپێکردن و ئازاردانی نامرۆڤانەی ڕووشکێنەوە، لەدوای پەلاماردانی هۆتێل، ماڵ و موڵکی خەڵک، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و شەهیدکردنی چەند پێشمەرگەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، هێشتا دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە و دەیانەوێت بەزۆر دانپێدانان بە ڕاگیراوان واژۆ بکەن و لەسەر کارێک تاوانباریان بکەن کە نەیانکردووە. دوای شایەتییەکەی یەکێک لە شاهێدەکان لەناو هۆڵی دادگا و لەبەرچاوی دەیان کەس لە ئامادەبووانی دادبینییەکە، پارێزەر، دادوەر و نوێنەری وڵاتانی بیانی، ئەوە بە زیادەوە پشتڕاستکرایەوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا ئەو دانپێدانانەی پێ ئیمزا کراوە و سوکایەتییان بە جەستەشی کردووە؛ بەمەش ڕووی ڕاستی و ڕاستەقینەی ئەو ترسنۆکانە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و شاری هەڵمەت و قوربانی بەتەواوی ئاشکرا بوو.
لەبەرئەوە، ئەم پرسە پرسێکی ترسناکە و تاقیکردنەوەی پرۆسەی دادوەرییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە قانونی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی بڕوانامەی مافەکانی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە زۆر ڕاشکاوانە جەختی لێ دەکاتەوە، نەک هەر بە تاوانی دەزانێت، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە وازهێنان و ڕاگرتنی هەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەییی هەر دیل و گیراوێک بە پرەنسیپێکی سەرەکی و باڵای خۆی دەزانێت، واتە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم سەرەتایە پێشێل بکرێت، تەنانەت لە باری نەخوازراو و جەنگیشدا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێسا فەرمانپێکراوەدا کە دەبێتە مایەی پاراستنی شکۆی مرۆڤ لەدژی هەر ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی یان جەستەیی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، کۆمەڵێک بڕوانامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەن، لەوانە: بڕگەی پێنجەمی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1948، ماددەکانی (7، 10 و 14)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی 1966، ماددەکانی (1، 2 و 15)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژە ئەشکەنجە، ماددەکانی (2 و 15)ی ڕێساکانی ماندێلای ساڵی 2015، هەروەها قانونی نێودەوڵەتیی مرۆیی، واتە هەر چوار ڕێککەوتننامەکەی جنێفی ساڵی 1949.
هەر ناوەڕۆکی ئەم ماددە قانونیانەی قانونی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان، لە دەستوور و قانونی خۆجێیی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەر بۆ نموونە لە دەستوور و قانونی سزادانی عێراقیشدا زۆر ڕاشکاوانە ڕێکاری ڕێگرتن و دژە ئەشکەنجە هاتووە؛ ماددەی 37 لە دەستووری 2005ی عێراقیدا هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی و هەر ڕەفتارێکی نامرۆڤانەی قەدەغە کردووە، هەموو دانپێدانانێکیش گەر بە ئازار و ئەشکەنجە کرابێت بە پووچەڵ دادەنرێت و نابێت حیسابی بۆ بکرێت، هەروەها کەسی زیانمەند مافی قەرەبووی ماددی و مەعنەویشی هەیە. ماددەی 333ی قانونی سزادانی عێراقی، ئازاردان و ئەشکەنجەدان بە تاوان هەژمار دەکات، ماددەی 127ی ئسوڵی موحاکەماتی جەزائیی عێراقیش تەرخانە بۆ ئەم پرسە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت بە هیچ شێوازێک بۆ پرسی دانپێدانان پەنا ببرێتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، هێزێک بە سەرپەرشتیی چەند تۆمەتبارێک کە پێشتر تۆمەتبار بوون بە تیرۆر و کاری تێکدەرانە، بە چەندین چەک و تەقەمەنیی قەدەغەکراو، تۆپ، هاوەن و درۆن لەناوجەرگەی شاردا هێرشیان کردە سەر برازاکانی مام جەلال و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کەچی ئێستا دادگا لەجیاتی لێپرسینەوە لە خوێنی قوربانیانی ئەو کارەساتەی ئەو شەوە ڕوویدا، هاتووە دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە هێرشیان کراوەتەسەر؛ کورد گوتەنی: «هەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت و دەستی بەست».
لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دادگا و دادوەرانی بەویژدان، پارێزەران و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بکەم کە لەو تاوانە قێزەونانە بێدەنگ نەبن و تا زووە بێنە دەنگ؛ چونکە ئەوە پرسێکە و هەموو تاکێکی ئەو نیشتمانە دەگرێتەوە، دەبێت ڕێگری بکرێت لە هەڕەشەی حوکمڕانیی جووتبرا قوباد و بافڵ حیسامەدین بۆ سەر شکۆی دادگا، شاری هەڵمەت و قوربانی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان.
لەکاتێکدا لە ساڵیادی یەکێتییەکەی ڕەوانشاد مام جەلال نزیک دەبینەوە، بەداخەوە بافڵ و قوباد حیسامەدین حزبەکەیان کردووە بە کۆمپانیایەکی مقاوەلاتی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان و گرێبەستی بەکرێدانی مەوقیف و سیاسەتیان بەم لا و بەو لا دەکەن.
ئەژی ئەمین
16ی ئایاری 2026