نزیکەی 15 هەزار پارجە زەوی دابەش دەکرێت
سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر و دهۆک دابەشکردنی هەزاران پارچە زەوی دیکەیان ڕاگەیاند.
لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوودا پرۆسەیەکی فراوانی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا زیاتر لە 14 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ قۆناغی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شاری هەولێر، حەوت هەزار پارچە زەوی نوێ ئامادەکراون، پرۆسەکە لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی تیروپشکەوە ئەنجام دەدرێت و ناوی سوودمەندبووان ڕادەگەیەنرێت کە فەرمانبەران، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، بەپێی ئامارەکانی شارەوانیی هەولێر، تا ئێستا لە ڕێگەی شەش قۆناغەوە 38 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە، کە ئەمەش نیوەی کۆی ئەو فەرمانبەرانە پێکدەهێنێت کە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دهۆک ڕایگەیاند، تاوەکو هەفتەی داهاتوو حەوت هەزار و 500 پارچە زەوی دیکە دابەش دەکرێن؛ بەشێوەیەک پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی فەیدییە و دوو هەزار و 500 پارچە زەوی لە دەڤەری ئاکرێ دەبن.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە 27ی ئاداری 2024ـی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاردرا زەوی 200 مەتری بدرێتە ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگانەی کە 8 ساڵ خزمەتیان هەیە و پێشتر سوودمەند نەبوون، تاوەکو ئێستا لە کۆی زیاتر لە 500 هەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردن، 101 هەزار پارچە زەوی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دابەش کراوە.