لە هەولێر 7 بەنزینخانە بە بڕی 40 ملیۆن دینار سزا دران
لێژنەکانی بەدواداچوون ڕۆژانە سەردانی 40 بەنزینخانە دەکەن و پشکنین بۆ کوالێتی بەنزینی بەنزینخانەکان دەکەن.
تیمەکانی بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی نزم و سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان، حەوت بەنزینخانەیان لە شارەکە داخست و بە کۆی 40 ملیۆن دینار سزای داراییان دان.
ئەمڕۆ یەکشەممە سالار محەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: "لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا پشکنین بۆ زیاتر لە 200 بەنزینخانە کراوە، لە ئەنجامدا 7 بەنزینخانە داخران و بەکۆی گشتی 40 ملیۆن دینار سزا دران".
لێژنەکانی پشکنین ڕۆژانە سەردانی زیاتر لە 40 بەنزینخانە دەکەن لە سەنتەری هەولێر و دەوروبەری کە بە گشتی 260 بەنزینخانە لەخۆدەگرێت، لەو بەسەرکردنەوانەدا نموونەی سووتەمەنییەکە دەبرێتە تاقیگە، ئەگەر دەرکەوت ئۆکتانی بەنزینەکە لە ئاستی پێویستدا نییە یان هەر سەرپێچییەکی تر هەبێت، بەنزینخانەکە ڕووبەڕووی سزای دارایی و داخران دەبێتەوە. بڕی سزای داراییەکان لە نێوان 500 هەزار بۆ 5 ملیۆن دینار دایە و بەپێی گەورەیی سەرپێچییەکە دەگۆڕێت.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە جددیەتی ڕێکارەکان کرد و ئاشکرای کرد کە یەکێک لەو بەنزینخانانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکەی، بۆ ماوەی 265 ڕۆژ (نزیکەی 9 مانگ) داخراوە، ئەمەش وەک پەیامێکی توند بۆ هەر شوێنێک کە کوالێتی بەنزینی خراپ پێشکەشی شۆفێران دەکات.