پایتەخت

تەندروستی جیهانی باری نائاسایی ڕاگەیاند

تەندروستی جیهانی باری نائاسایی ڕاگەیاند
کورتە

ئەوەی خەڵک لێی دەترسا سەری هەڵدایەوە؛ داوا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەکرێت گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ڕابگرێت.

ڤایرۆسێکی کوشندە لە ئەفریقا سەری هەڵداوە و بەشێوەیەکی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نائاسایی ڕایگەیاند و ئاشكرای کرد، ڤایرۆسێکی کوشندە بە ناوی 'ئیبۆلا' لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاوبووەتەوە، کە لە جۆری "بوندیبوگیۆ"ـیە و تا ئێستا هیچ دەرمان یان ڤاکسینێکی پەسندکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەم رێکخراوە، تا ئێستا نزیکەی 80 کەسی گومانلێکراوی تووشبووی ئەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە و 246 کەسی تووشبووش لە وڵاتەکە تۆمار کراون. هەروەها لە ئۆگاندا دوو حاڵەتی پشتڕاستکراوە دیاری کراون و مەترسیی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لەنێو شارەکاندا بوونی هەیە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە کە ئەو کەسانەی بە تووشبوونی ڤایرۆسەکە پشتڕاستکراونەتەوە، دەستبەجێ کەرەنتین بکرێن و ڕۆژانە چاودێری بکرێن، گەشتە ئاسمانییەکانی ناوخۆی وڵات سنووردار بکرێن و هیچ گەشتێکی نێودەوڵەتیش ئەنجام نەدرێت.

 
ئەمە 17ـمین جارە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ئەفریقا سەرهەڵبداتەوە و بۆیەکەمجار لە ساڵی 1976 سەری هەڵدا. ڤایرۆسەکە یەکێکە لە نەخۆشییە گوازراوە مەترسیدار و کوشندەکان، گیانلەدەستدان پێی دەگاتە 50%، لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی لەشی کەسی تووشبوو، وەک خوێن و ئارەق، لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی خێرای باری تەندروستی، وەک سکچوون، ڕشانەوە، هەڵامەت و خورانی جەستە.

17 ئایار 2026 10:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026