پایتەخت

هیندستان هەڕەشەی سڕینەوەی پاکستان دەکات

هیندستان هەڕەشەی سڕینەوەی پاکستان دەکات
کورتە

هۆشدارییەکی مێژووییی لە هیندستانەوە؛ پاکستان لە نێوان مانەوە و سڕینەوەدا!

فەرماندەی سوپای هیندستان پەیامێکی توند ئاراستەی پاکستان دەکات و هۆشداری دەدات، کە دەبێت لە نێوان مانەوە لەسەر نەخشە یان بوون بە مێژوو یەکێکیان هەڵبژێرێت.

جەنەراڵ ئۆپیندرا دویڤێدی، فەرماندەی سوپای هیندستان پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی پاکستان کرد و ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی پاکستان لە داڵدەدانی تیرۆریستان، پاشەڕۆژی ئەو وڵاتە وەک قەوارەیەکی جوگرافی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی پرێس تەرەست ئۆف ئیندیا، ئەم لێدوانانەی جەنەراڵ دویڤێدی لە میانی بەشداریکردنی بوو لە کۆڕبەندی دیالۆگی "یونیفۆرم ئەنفێڵد" کە لە ناوەندی مانیکشۆ لە نیودەلهی پایتەخت بەڕێوەچوو، لێدوانەکەی فەرماندەی سوپا وەک وەڵامێک بوو بۆ پرسیارێک سەبارەت بە ستراتیژی هیندستان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێکدادانی سەربازی هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "سیندور"ی ساڵی ڕابردوو.

 
جەنەراڵ دویڤێدی لە پەیامەکەیدا گووتی: "بە ڕوونی دەیڵێم، ئەگەر پاکستان بەردەوام بێت لە داڵدەدانی تیرۆریستان و کارکردن دژی هیندستان، دەبێت لە نێوان مانەوە وەک بەشێک لە جوگرافیا یان بوون بە بەشێک لە مێژوو، یەکێکیان هەڵبژێرێت."

 
ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدایە، کە تەنیا چەند ڕۆژێک بەسەر یەکەم ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی سیندوردا تێپەڕیوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە لایەن سوپای هیندستانەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوچەی پاهالگام لە 7ی ئایاری ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد، کە تێیدا هێزەکانی هیندستان ژێرخانی گرووپە چەکدارییەکانیان لە ناو خاکی پاکستان و هەرێمی کشمیر کردە ئامانج.

 
ساڵی ڕابردوو پێکدادانی سەربازی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە خاوەن چەکە ئەتۆمییە بۆ ماوەی 88 کاتژمێر بەردەوام بوو، سەرەڕای هێرشی پێچەوانەی پاکستان، هیندستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سیندوردا لە وەڵامدانەوەکانی بەردەوام بوو تا دواجار لە 10ی ئایاردا و لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی هەردوولاوە دۆخەکە هێورکرایەوە.

 
ئەم پەیامە نوێیەی فەرماندەی سوپای هیندستان لە لایەن چاودێرانی سیاسی و سەربازییەوە وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەبەخۆبوونی نیودەلهی و جێگیربوونی ستراتیژی نوێی وڵاتەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک سنوورەکانی تێپەڕێنێت.

17 ئایار 2026 11:22
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026