حزبوڵڵا بۆ حکومەتی لوبنان: ڕێککەوتنی ئاشتی هێڵی سوورە
حزبوڵڵا هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی لوبنان: واژۆ کردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل هێڵی سوورە
لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە پەرەسەندنی گفتوگۆکانی نێوان بەیرووت و تەلئەبیب، بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنانی هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لە واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو هەنگاوەی بە "پێشێلکردنی ڕوونی دەستوور" و "لادانێکی مەترسیدار" ناوبرد.
ئەەمڕۆ شەممە، حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە هەر جۆرە مامەڵەکردنێکی فەرمی یان دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، دەستکەوتەکانی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە چوونە ناو ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تەلئەبیب، لادانێکی گەورەیە لە بنەما نیشتمانییەکانی لوبنان.
حزبوڵڵا لە پەیامەکەیدا جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەژموونی دەرەکی کردەوە و گووتی: "ئێمە بە تەواوی هەر جۆرە فشار، سەپاندن و سەرپەرشتییەکی دەرەکیی ئەمریکی ڕەت دەکەینەوە و هۆشداریش دەدەین لە سەپاندنی هەر چارەنووس و ڕێڕەوێک بەسەر لوبناندا کە لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانماندا یەک نەیەتەوە."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حزبوڵڵا داوای لە حکومەتی لوبنان کرد لە بری پەنابردن بۆ بژاردەی تاکلایەنە و لادەر، پشت بە کۆدەنگی نیشتمانی ببەستێت بۆ پاراستنی بنەماکان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە وڵاتدا.
ئەم هەڵوێستە توندەی حزبوڵڵا کەمتر لە 24 کژمێر دوای ئەوە دێت کە شاندی لوبنان و ئیسرائیل، رۆژی هەینی لە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانیاندا لە واشنتن، لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ڕێککەوتن، هاوکات بڕیاریان دا لە گەڕی چوارەمدا کۆبوونەوەکانیان بە ئاراستەی گەیشتن بە "ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتی" دەستپێبکەنەوە.