پایتەخت

سوودانی بڕیارەکانی وەزیرێکی یەکێتی هەڵوەشاندەوە

سوودانی بڕیارەکانی وەزیرێکی یەکێتی هەڵوەشاندەوە
کورتە

یەکێتی لە زانکۆی کەرکووک پاشەکشەی پێکرا

 

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بڕیارێکی کتوپڕدا سەرجەم ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەی هەڵوەشاندەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە پۆستە باڵاکانی زانکۆی کەرکووک ئەنجامدرابوون، ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران دوای تێپەڕبوونی تەنها 14 ڕۆژ دێت بەسەر دەستبەکاربوونی چەند بەرپرسێکی نوێ لە زانکۆکەدا.

 

هەڵۆ عەسکەری، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بەوەکالەت کە سەر بە یەکێتییە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند، زنجیرەیەک فەرمانی وزاری دەرکردبوو بۆ گۆڕانکاری لە هەیکەلییەتی زانکۆی کەرکووک، بڕیارەکان پێکھاتبوون لە جێگیرکردنی د. عومران جەمال وەک سەرۆکی زانکۆ بۆ ماوەی چوار ساڵ و دیاریکردنی د. ڕێبوار محەممەد سەعید وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ گۆڕینی ڕاگری کۆلێژەکانی یاسا و پەروەردەی بنەڕەتی.

 

لەمبارەیەوە گۆڕانکارییەکان ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی لایەنە عەرەبی و تورکمانەکانی شارەکە بوونەتەوە، قوتەیبە ڕاکان جبووری ئەندامی پەرلەمانی عێراق فشاری ڕاستەوخۆی دروستکردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە.

 

لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی محەممەد شیاع سوودانی لەسەرە، هاتووە: "تەواوی ئەو بڕیارانەی لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا بەوەکالەت دەربارەی زانکۆی کەرکووک دەرچووبوون، هەڵوەشاوەن و کاریان پێ ناکرێت". بەم بڕیارەش د. ڕێبوار محەممەد و ئەو ڕاگرە نوێیانەی دەستنیشانکرابوون لە پۆستەکانیان لادران و دۆخی کارگێڕی زانکۆکە گەڕایەوە خاڵی پێشوو.

13 ئایار 2026 21:28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026