فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لە پۆدکاستی "کاتی دیمەشق"، زانیاریی هەستیار لەبارەی مێژووی قەیرانی سووریا، پەیوەندییە هەرێمییەکان و داهاتووی ڕۆژئاڤا ئاشکرا دەکات.

 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕەخنەی توند ئاراستەی ڕژێمی پێشووی سووریا ده‌كات و بەشار ئەسەد وه‌ك کەسایەتییەکی لووتبەرز و گه‌مژه‌ ده‌ناسێنێت، ده‌ڵێت: گوێی لە هاوپەیمانە ڕووسەکانیشی نه‌ده‌گرت.


ناوبراو ڕایگەیاند، لە سەرەتای قەیرانەکانی سووریادا دوو جار لەگەڵ ئەسەد کۆبووەتەوە، بەڵام بەهۆی کەلەڕەقیی ڕژێمەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووسەکان و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی نێوەندگیرییان دا، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بوو.


هەروەها مەزڵووم عەبدی پەردەی لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان د. بەرهەم ساڵح و بەشار ئەسەد لادا؛ کە تێیدا سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بێئومێدیی خۆی لە گۆڕینی بیرکردنەوەی ئەسەد دەربڕیوە.


سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەشبینیی خۆی نیشان دا بۆ گۆڕینی جۆری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا 'ئاگربەستێکی نافەرمی' هەیە و هەوڵ دەدەن پەیوەندییە ئەمنییەکان بگۆڕن بۆ سیاسی، تەنانەت ئاماژەی بە ئەگەری سەردانی خۆی بۆ تورکیا کرد لە داهاتوودا.


لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژێم و گرووپە توندڕەوەکانی وەک 'بەرەی نوسرە'بوونەتەوە و گوتی: ئێرانییەکانمان لە ناوچەکە دەرکرد، کاتێک ویستیان هێزی خێڵەکی دروست بکەن.