پلانەکەی یەکێتی لە بەغداوە پووچەڵ کرایەوە
لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا؛ شکستی هەوڵێکی یەکێتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پۆستەکانی زانکۆ
لە پێشهاتێکی نوێدا، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرجەم فەرمانە وەزارییەکانی وەزیری خوێندنی باڵای کە تایبەت بوون بە گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی زانکۆی کەرکووک و زانکۆکانی باکوور هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی وەزیری خوێندنی باڵاوە، هەوڵی دا زنجیرەیەک پۆستی ئەکادیمی بۆ کادیرانی حیزبەکەی مسۆگەر بکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتهخت میدیا، وەزیری خوێندنی باڵا (کە سەر بە یەکێتییە) لە ماوەیەکی کورتدا چەندین فەرمانی دەرکرد بۆ لادانی ڕاگرەکانی کۆلێژی یاسا و پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی کەرکووک، کە لە پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب بوون، لە شوێنی ئەوان، کەسایەتیی نزیک لە یەکێتی و تەنانەت هاوسەری ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەی بۆ ئەو پۆستانە دیاری کردبوو.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە نووسراوێکی نهێنی دا كه دهست 'پایتهخت میدیا' كهوتووه ڕایگەیاند، ئەم فەرمانانە نایاسایین، چونکە حکومەتی ئێستای عێراق ئهو دهسهڵاتهی نییه و نایاساییه، و بۆی نییە دەستکاریی پۆستە باڵاکان بکات. هەروەها دەرکەوتووە کە هەندێک لە فەرمانەکان بە پەلە دەرکراون و ڕێکەوتی دەرچوونیان پێش ڕێکەوتی واژۆکردنیان بووە، ئەمەش وەک 'سەرپێچییەکی ئیداریی گەورە' ناوزەند کراوه.
پایتهخت زانیویهتی، قتەیبە ڕاکان جبووری، ئهندامی خولی شەشەمی پهرلهمانی عێراق له لێژنهی یاسادانان (كوڕی ڕاكان جبووری، پارێزگاری پێشووی كهركووك) ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووه لە ڕێگریکردن لەم هەنگاوە و توانیویهتی لە کەمتر لە 48 کاتژمێردا سەرۆکایەتی حکومەت قایل بکات کە بڕیارەکانی وەزیر هەڵبوەشێنێتەوە. ئێستا دۆخی زانکۆی کەرکووک گەڕاوەتەوە باری ئاسایی و ڕاگرە لادراوەکان لە پۆستەکانیان بەردەوامن، ئەمەش وەک شکستێکی تری سیاسی و ئیداریی یەکێتی لە شاری کەرکووک لێکدەدرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی یەکێتی لەلایەن پەرلەمانتاران و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتهوە، چونكه یەکێتی دەیەوێت زانکۆ بکاتە مەڵبەندێکی حیزبی، ئەم گۆڕانکارییانە هاوسەنگیی نەتەوەیی لە کەرکووک تێکدەدەن، بە تایبەت دوای ئەوەی یەکێتی لە ڕێککەوتنی پێشتردا پۆستی پارێزگاری کەرکووکی ڕادەستی پێکهاتەکانی تر کردبوو، ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی زانکۆوە ئەو پاشەکشە سیاسییەی قەرەبوو بکاتەوە.

