پایتەخت

تره‌مپ سوكایه‌تی به‌ ئێران ده‌كات

تره‌مپ سوكایه‌تی به‌ ئێران ده‌كات
کورتە

وه‌ڵامه‌ توندەکەی تره‌مپ بۆ داواکارییەکانی ئێران.

تره‌مپ پێیوایه‌، کە پڕۆسەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە بنبەست و چیتر بڕوای بەو گفتوگۆیانە نەماوە. هه‌روه‌ها وەڵامی کۆتایی ئێرانی بۆ پێشنیارەکانی ئەمریکا بە "قسەی بێمانا" وەسف کرد و گوتی: ئاگربەستەکە ئێستا لەسەر لێواری مردنە و هیچ هیوایەکی نەماوە.

 

ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگه‌یاند، کە ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە و دواجار ناچار دەبێت تەسلیمی مەرجەکانی واشنتن ببێت. تره‌مپ وتیشی کە بەرپرسانی تاران خۆشیان دان بەوەدا دەنێن کە بۆ کارە ئەتۆمییەکانیان پێویستییان بە تەکنەلۆژیای ئەمریکایە، چونکە خۆیان ناتوانن ئەو کارانە ئەنجام بدەن.

 

لە لایەکی ترەوە، تره‌مپ باسی لە گەڕانەوەی "پڕۆژەی ئازادی" کرد بۆ ناو گەرووی هورمز، کە ئامانج لێی پاراستنی کەشتییەکان و توندکردنی گەمارۆی دەریاییە لەسەر ئێران. ئەو دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و فشارەکان تا ئەو کاتە بەردەوام دەبن.

 

ئەم گرژییە نوێیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. لە کاتێکدا ئێران داوای لابردنی گەمارۆکان و قەرەبووی زیانەکانی جەنگ دەکات، تره‌مپ هەموو داواکارییەکانی ڕەتکردنەوە. ده‌ڵێت: هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا ئامانجی خۆیان پێکاوە و لە فشارخستنە سەر ئێران بێزار نابێت.

11 ئایار 2026 22:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026