ترەمپ بێدەنگی شکاند
ترەمپ پەردە لەسەر ئامانجە شاراوەکانی ئەمریکا لە ناو جەرگەی ئێران لادەبات.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی دژی ئێرانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، هێشتا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن. ترەمپ جەختی کردەوە کە 'من نەمگوتووە جەنگ کۆتایی هاتووە، بەڵکو ئێران لە ڕووی سەربازییەوە تێکشکاوە.'
ئهمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگهیاند، ئێستا ئێران نە هێزی دەریایی، نە ئاسمانی و نە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ماوە و هەموویان لەناوچوون. ههروهها ئێمە چاودێرییەکی وردی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە دەکەین کە ئێران لەژێر زەویدا شاردوویەتییەوە و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو پرسە دەکات، ڕێگەش نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بە گوتەی ترەمپ، تاوەکو ئێستا ئەمریکا توانیویەتی 70%ی ئەو ئامانجانەی دیاری کراون بە سەرکەوتوویی بپێکێت. ئەو وێرانکارییەی بەر ژێرخانی سەربازیی ئێران کەوتووە، بە جۆرێکە کە بۆ بونیادنانەوەی پێویستیان بە چەندین ساڵ دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: ئێمه کۆمەڵێک ئامانجی شاراوەی دیکەمان هەیە و دەتوانین بۆ ماوەی دوو هەفتەیهكی دیکە بەردەوام بین لە هێرشکردن و پێکانی هەموو ئەو ئامانجانەی دیاریمان کردوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە سەرکردایەتی ئێران لەناوچووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا دەکەن کە جۆرێکی دیاریکراو لە هێزیان ماوە.
ئهمه دوای ئهوه دێت، ئهم دوانیوهڕۆیه میدیای فهرمی ئێران ئاشكرای كرد، كه وڵاتهكه وهڵامی پێشنیازهكانی ئهمریكای ڕادهستی پاكستان بۆ كۆتاییهێنان به جهنگ كردووه.