نۆ ڕۆژه تهرمهكانی گهلی عهلی بهگ نهدۆزراونهتهوه
لە بەکارهێنانی موگناتیسەوە بۆ کامێرای گەرمی؛ هەوڵەکان لە سۆران چوونە قۆناغێکی نوێ.
نۆ ڕۆژ بەسەر ڕووداوە دڵتەزێنەکەی گەلی عەلی بەگدا تێدەپەڕێت. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران بە هاوکاری تیمەکانی هەولێر، سلێمانی و مێرگەسۆر، بێ پسانەوە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکان و ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کەوتووەتە ناو ڕووبارەکە.
شەوی هەینی، 1ی ئایار، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی خێزانێکی تێدابوو و بۆ گەشتکردن چووبوونە ناوچەی مەیدانۆکان، لە کاتی گەڕانەوەیاندا بەرەو خەلیفان کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و دەکەوێتە ناو ڕووباری گەلی عەلی بەگ. تا ئێستا تەنها تەرمی "لاوەند خورشید" دۆزراوەتەوە، بەڵام چارەنووسی مینا عیسای 17 ساڵان و ئادهم خورشیدی 3 ساڵان و ئۆتۆمبێلەکە هێشتا نادیارە.
بەهۆی قووڵیی ئاوەکە و سەختیی ناوچەکە، تیمەکان زیاتر لە 18 تەکنیکی جیاوازیان بەکارهێناوە، لەوانە: تیمەکانی ژێرئاوگەڕ (غەواس). هێزی موگناتیسی بەهێز (400 تەن و 400 کیلۆگرام) بۆ دۆزینەوەی ئاسنی ئۆتۆمبێلەکە. کامێرای گەرمی (حراری) بۆ پشکنینی ڕووبارەکە. حەفارەی تایبەت بە قۆڵی 19 مەتری بۆ پشکنینی ئەو شوێنانەی گومانیان لێدەکرێت.
بهپێی زانیارییهكان، ئهمڕۆ ئامێرێکی نوێ کە لە هەولێرەوە هێنراوە، خراوەتە گەڕ. ئەم ئامێرە توانای هەیە لە ڕێگەی گڵۆپی سوور و سەوزەوە ئاماژە بە هەبوونی پارچە ئاسن بدات لە قووڵایی 10 مەتری ژێر ئاوەکەدا. تیمەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها پارچە تایەیەک (سپێر)ی ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام گەڕان بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە.