د. سەفین یاسین: ئەم هەفتەیە مووچە دابەش دەکرێت
تەیف سامی و مووچەی هەرێم؛ د. سەفین یاسین نوێترین پێشهات بۆ پایتهخت ئاشكرا دهكات
د. سەفین یاسین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ پایتهخت میدیا دوایین زانیاری لەسەر پڕۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی ئاشکرا دەکات.
ئهمڕۆ د. سەفین یاسین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان به پایتهخت میدای ڕاگهیاند، وەک بەشێک لە پابەندییە یاسایی و داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتی مانگی نیسان (چوار)، بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بانکەکە بووە بۆ خێراکردنی کارەکان، بە ئامانجی ئەوەی پێش گەشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ عەرەبستانی سعودییە و ئەنجامدانی فەریزەی حەج، هەموو ڕێکارەکان ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بن.
سەبارەت بە بڕی داهاتەکەش بۆ پایتهختی ڕوونی کردەوە، کە بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە (جەنگی ئەمریکا و ئێران)، کێشە لە داهاتە نانەوتییەکان هەبووە، بۆیە ئەم مانگە بڕی 120 ملیارەکە نەنێردراوە و هەردوو حکومەت لەسەر ئەم کەمبوونەوەیە لێکگەیشتنیان هەیە.
لە کۆتاییدا د. سەفین یاسین مژدەی ئەوەی دا کە هەنگاوی داهاتوو خەرجکردنی زیاتر لە 970 ملیار دینارە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی نیسان, جەختیشی کردەوە کە هەر کاتێک پارەکە گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەنرێت و ڕۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.