وەرە کتێبی کوردی بخوێنە
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردستاندا؛ ڕووداوێکی گەورەی ڕۆشنبیری لە هەولێر دەستپێدەکات
بۆ یەکەمجار لە مێژووی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستاندا، پێشانگەیەکی گەورە و سەربەخۆ بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ کتێب و وەشانخانە کوردییەکان لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.
پێشانگای کتێبی کوردی لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 4ـی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت، دەرگای پێشانگەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 8:00ـی شەو لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە ناوپارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕووی خوێنەراندا دەکرێتەوە.
لەم پێشەنگایەدا نزیکەی 130 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە باشووری کوردستان، پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەورووپاوە بەشدارن.
لەلایەکی دیکەوە، زیاتر لە 1 ملیۆن کتێب و ناونیشانی جیاواز بە سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردی (سۆرانی، کرمانجیی سەروو، هەورامی و زازاکی) نمایش دەکرێن.
ئامانجی سەرەکی پێشانگاکە گێڕانەوەی متمانەیە بۆ نووسەری کورد و ئاشتکردنەوەی خوێنەرە لەگەڵ کتێبی کوردی، هەروەها لە ماوەی 7 ڕۆژی پێشانگاکەدا، چەندین پانێڵ و سیمینار بەڕێوەدەچن و بەشی تابلۆی شێوەکاری، جلوبەرگی کوردی و کارە دەستییەکانیش بوونیان دەبێت.