پایتەخت

لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشەئاردی مانگانە دابەشدەکرێت

لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشەئاردی مانگانە دابەشدەکرێت
کورتە

هەر کەسێک نۆ کیلۆ ئارد وەردەگرێت

دابەشکردنی بەشەئاردی چوارەمی ئەمساڵ دەستیپێکرد و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند کە بەشەئاردی ئەمجارەش خۆماڵییە و لە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.


لەلایەن خۆیەوە، بەرێوەبەرایەتیی دروستکردنی دانەوێڵەی هەولێر دەستپێکردنی دابەشكردنی لیستی بریكارانی ئارد بۆ بەشی چوارەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند و ڕوونیکردووەتەوە کە پڕۆسەکەیان لە ڕۆژانی پشووش بەردەوام دەبێت.


هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەستیانکردووە بە دابەشكردنی بەشەئاردی چوارەمی ئەمساڵ، دوای ئەوەی گەنمی پێویست بۆ ئاشەکان دابینکرا لە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.


بڕی دابەشکردنی ئاردیش لە بەشەخۆراكی مانگانەدا بۆ هەر كەسێك نۆ كیلۆ ئارد دەبێت و بەگوێرەی ڕێکارەکانی وەزارەتیش، پێش دابەشكردنی ئاردەكە بە دوو قۆناغ تاقیکردنەوە بۆ کوالێتی ئاردەکە دەکرێت و ئەگەر بەشێوەیەکی جوان نانی لێ دروست نەکرێت، ئاردەکە بەسەر بریکارەکان دابەش ناکرێت و ڕیگەنادرێت بگاتە دەستی هاووڵاتییان.


ئەمەش لە کاتێکدایە، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراوەکە بۆ بەشەخۆراکی سێیەم بەردەوامە.

04 حوزەیران 2026 23:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026