ئەلبانییەکان دژایەتی دروستبوونی دوورگەی ئیپستنی نوێ دەکەن
پڕۆژە هاوبەشەکەی قەتەر و ئەمەریکا ئەلبانیای هەژاندووە
وڵاتی ئەلبانیا، کە دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە ناوچەی بەڵقان، ئێستا لە ناوەڕاستی قەیرانێکی سیاسی، ئابووری و ژینگەییدایە. کێشەکە لە پرۆژەیەکی گەشتیاریی زەبەلاح بە بەهای ١.٤ ملیار دۆلارەوە دەستپێدەکات کە لەلایەن جارید کۆشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپ و هاوژینەکەی ئیڤانکا ترەمپەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم پڕۆژەیە کە دوورگەی سەربازیی پێشوو "سازان" و ناوچە کەناراوەکانی دەگرێتەوە، لەلایەن ئەلبانییەکانەوە "دوورگەی ئیپستنی نوێ"ی ناوی دەهێندرێت.
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنانی تایبەتی کۆشنەرەوە جێبەجێ دەکرێت کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی دوورگەی سازان و کەناراوەکانی ناوچەی زڤێرنەکە بۆ هاوینەهەوارێکی گەشتیاریی تایبەت بە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیڤانکا ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە کاتی گەشتێکی تایبەت بە یەخت ئەم دوورگەیەیان دۆزیوەتەوە و بڕیاریانداوە پەرەی پێبدەن. ئەم گوتارە شەقامی ئەلبانی توڕە کرد، چونکە پێیانوایە ئەم جۆرە مامەڵەیە بە موڵکێکی گشتی و نیشتمانی وەک زەوییەکی بێ خاوەن بێڕێزییە بە وڵاتەکەیان.
دوورگەی سازان بۆ چەندین دەیە بنکەیەکی سەربازیی نهێنی و داخراو بووە لە سەردەمی جەنگی سارددا، کە تێیدا تۆڕێکی فراوان لە حەشارگەی ژێرزەمینی تێدایە. ئەم جیاکارییە جوگرافییە وایکردووە ناوچەکە لە ڕووی سروشتییەوە وەک ناوچەیەکی جیاواز بمێنێتەوە لە ڕووی پاراستنی جوگرافیاکەی و ئەو باڵندە و ئاژەڵە کێوییانەی تێیدا دەژین.
بەستنەوەی ناوی ئەم پرۆژەیە بە ناوی ملیاردێری پێشووی جیهانی، جێفری ئیپستن کە خاوەنی دوورگەیەکی تایبەت بوو بۆ کۆبوونەوەی سەرکردە و دەوڵەمەندەکانی جیهان، بۆیە ئەلبانییەکان ئەم ناوە بە تانەوە دەهێنن، چونکە ترسیان هەیە دوورگەی سازانیش کە ناوچەیەکی داخراوە، ببێتە پەناگەیەکی گۆشەگیر کە تێیدا ملیاردێرەکان و سیاسەتمەدارانی جیهان دوور لە چاوی یاسا و میدیاکان کۆببنەوە. بۆ لە خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ئەلبانیا، هاووڵاتییان لەسەر لافیتەکانیان نووسیوە: "هیچ دوورگەیەکی ئیپستن لێرە دروست ناکرێت".
سەرەڕای ئەوەی کۆشنەر لە ڕووی بانگەشەی ڕاگەیاندنەوە بە خاوەنی پرۆژەکە دادەنرێت، بەڵام بەڵگەنامە فەرمییەکان کە لە ڕێگەی تۆماری بازرگانیی نیشتمانیی ئەلبانیاوە دزەیان پێکراوە، ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە کۆمپانیای جێبەجێکاری سەرەکی پڕۆژەکە بە ناوی "سازان ئۆپەرەیشن" بە تەواوی لەلایەن دوو برای ملیاردێری قەتەرییەوە بە ناوەکانی ڕامز و محەمەد ئەلخەیات خاوەندارێتی دەکرێت، بەڵام خاوەندارێتییەکەی لە ڕێگەی شەش کۆمپانیای جیاوازی تۆمارکراو لە وڵاتی هۆڵەندا گواستراوەتەوە، بۆ شاردنەوەی ناوی ڕاستەقینەی قەتەرییەکان لە تۆمارە گشتییەکاندا.
هاوکات زۆربەی دارایی کۆمپانیاکەی کۆشنەر کە زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە، لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە و سندووقی سەروەریی قەتەرەوە دابین کراوە. ئەمەش لە واشنتۆن بووەتە جێی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس، بەهۆی گومانی بەکارهێنانی ئەم پارانە بۆ دەستکەوتنی سیاسی لەلایەن ترەمپ بۆ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی. بۆیە ئێستا لە ناوەندە جیهانییەکان بە گومانەوە باسی ئەوە دەکەن، لەوانەیە قەتەرییەکان ئەو دوورگەیەیان وەک بەرتیل بە ترەمپ دابێت، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریا.
هەر لە ئەلبانیا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە دوای ئەوەی بە پەلە، یاسای نیشتمانی بۆ ناوچە پارێزراوەکانی لە ڕووی ژینگەییەوە، هەموارکردەوە. ئەم هەموارکردنە ڕێگەی دا بە دروستکردنی هۆتێلی پێنج ئەستێرە لەو ناوچانەی پێشتر لە ڕووی ژینگەییەوە قەدەغەکراو بوون، کە ئەمەش ڕێک بەپێی پێوەرەکانی پرۆژەکەی کۆشنەر یەکدەگرێتەوە. هەروەها زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراوی ژینگەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن کە ئامێرە قورسەکان دەستیان بە کارکردن کردووە لە ناوچەی زڤێرنەک، ئەمەش هێلانە و شوێنی باڵندەی فلامینگۆ، فۆک و کیسەڵە دەریاییە دەگمەنەکان بە تەواوی تێکدەدات.
لەلایەن خۆیەوە، دەستەی دژە گەندەڵی تایبەتی ئەلبانیا، دۆسیەیەکی فەرمی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە. بۆ بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی گواستنەوەی خاوەندارێتی زەوییە گشتییەکان، گۆڕینی یاساکان و بوونی بەرتیل یان بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان بەرپرسانی باڵای حکومەت و وەبەرهێنەرە بیانییەکان. لە کاتێکدا ئێدی ڕاما، سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا، بە توندی بەرگری لە پڕۆژەکە دەکات و ڕایگەیاندووە کە ئەم پرۆژەیە ئەلبانیا دەخاتە "خولی پاڵەوانەکانی گەشتیاریی جیهانی" و بە هیچ شێوەیەک پرۆژەکە ڕاناگیرێت.