ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمەکەی دەبێت!
ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەل عەرەبییەی سعودیی دەستپێشخەرییەکی گرینگی ئێران بۆ دانوستان ئاشکرا دەکات.
دواجار ئێران بە ڕادەستکردنی یۆرانیۆمەکەی ڕازی بووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشتووە بە دانوستان.
ئەمڕۆ کەناڵی ئەل عەرەبییەی سعودیی ڕایگەیاند، ئێران ڕەزامەندی لەسەر ڕادەستکردنی "بەشێکی" یۆرانیۆیۆمە پیتێندراوەکەی بۆ وڵاتێکی سێیەم دەربڕیوە و لەسەر ئەم بابەتە وڵاتی نێوەندگیری پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەم کەناڵە سعودییە، لە ئێستادا کێشەی سەرەکەی لەبەردەم دانوستانەکان لەسەر "پارە سرکارەوەکانی ئێرانە لەلایەن ئەمریکا"، وڵاتەکە داوای نیوەی ئەم پارەیە دەکات کە لە قەتەڕ هەڵگیراوە و بڕەکە 12 ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە ئەم داواکارییە جێبەجێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاندووە، دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران باشترین بژاردە ئەوەیە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لەناوببرێت یان ئاستی پیتاندنەکەی کەم بکرێتەوە، چونکە لە ڕووی کردارییەوە گواستنەوەی ئەستەمە، هاوکات داواش دەکات ڕێگەیان پێ بدرێت دەستیان پێی بگات تا لە بڕەکەی دڵنیا ببنەوە.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتنی ئاشتی نەبووە. هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بابەتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران سەرنجی سەرەکی هەردوو وڵاتە لە گفتوگۆکانیان لەبارەی دانوستان، ئەمەش بە نێوەندگیری ڕاستەوخۆی پاکستان، بەڵام تا ئێستا ئێران بە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕازی نەبووە.