بەرەی گەل سنووری چالاکییەکانی فراوان دەکات
لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە کەرکووک لەژێر چەترێکی نوێدا کۆدەبنەوە
بەرەی گەل لە چوارچێوەی هەنگاوە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکانیدا، بڕیاری دا بە فەرمی دەست بە کار و چالاکییە سیاسی و حزبییەکانی خۆی لە پارێزگای کەرکووک بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ چڕکردنەوەی ئامادەیی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە شادمان مەلا حەسەن لەگەڵ بەختیار زەنگەنە و خالید مەخمووری، سەردانی ئاکام فەهمییان کرد، لەم دیدارەدا تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و ستراتیژی داهاتووی بەرەی گەل، هەر لەوێشدا بڕیاری دەستپێکردنی چالاکییەکانی حزبەکە لە کەرکووک درا بە ئامانجی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لەو پارێزگایەدا.
تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەت بوو، بە پرسی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دۆسییەی لالەزار؛ ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە، ئاماژەیان بەوە دا کە پێویستە ئەم دۆسیەیە بە تەواوی لەژێر چاودێری یاسادا بێت و ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بگرێتەبەر.