پایتەخت

کەتیبەکانی حزبوڵڵا: چەکەکانمان تەنها ڕادەستی ئیمام مەهدی دەکەین

کەتیبەکانی حزبوڵڵا: چەکەکانمان تەنها ڕادەستی ئیمام مەهدی دەکەین
کورتە

"ئەوانەی چەکیاندانا بەشێک نەبوون لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی"

لە یەکەم هەڵوێستی فەرمیدا لەبارەی پرسی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند کە ىریاری ڕادەستکردنی چەک و دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکان، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناگرێتەوە و بەردەوامبوونی خۆشیان لە ئەرکەکانیان دووپاتکردەوە.


لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەبو موجاهید عەسافی، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو لایەنانەی کە بڕیاری ڕادەستکردنی چەک یان بارەگاکانیانیان داوە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە بەشێک نەبوون لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و داواشی کردووە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، "بەدوور بێت لە دروستکردنی ناكۆكی ناوخۆیی یان ڕاکێشران بەرەو نانەوەی فیتنە".


هەروەها عەسافی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە پێنج هێزەکەی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەگەڵ کەتیبەکانی کەربەلا، پابەندی چەکدانان نابن، پاساوی بەردەوامبوون لەسەر چالاکییەکانیان بۆ مانەوەی هێزە بیانییەکان و پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق گەڕاندەوە. هاوکات باسی لەوەش کردووە، ئەوان لەژێر هیچ ڕێکخستنی سەربازیدا نین و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان تا ئەو کاتەی ئەو بارودۆخانەی بووە هۆی دروستبوونیان، کۆتاییان دێت.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو بەرپرسە ئەمنییەی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق هەڵوێستی کۆتایی خۆیانی ڕاگەیاندووە و ڕوونیکردووەتەوە: "نەک چەکەکانیان، تەنانەت یەک گوللـەش ڕادەست ناکەن تەنها بە دەستی ئیمام مەهدی نەبێت".


ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا گرووپەکانى عەسایبى ئەهلى حەق، بەدر، گرووپی سەرایا سەلامی سەر ڕەوتى نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، کەتیبەکانى ئیمام عەلى، پچڕانی پەیوەندییان بە پێکهاتە سەربازییەکانی دەستەی حەشدى شەعبى ڕاگەیاندووە و چەکەکانیان ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەن، لە بەرامبەر ئەوەشدا، گرووپەکانى نوجەبا، حزبوڵڵای عێراق، سەرایا ئەولیاء دەم و ئەسحابولکەهف ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن و پێشتر ڕایانگەیاندبوو، تەنها بە فەتوای مەرجعی باڵای شیعەکان ئەو بڕیارە دەدەن.

04 حوزەیران 2026 23:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026