سبەی زەنگی تاقیکردنەوەکان لێ دەدرێت
سبەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات
بڕیارە سبەی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، زەنگی دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم بۆ پۆلە ناکۆتاکان و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان لێ بدرێت.
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، تاقیکردنەوەکان قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە و تاوەکو ڕێکەوتی 20ـی ئایار بەردەوام دەبن. لهوبارهیهوهش نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی تاقیکردنەوەکان، جەختی کردەوە کە هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون و تاقیکردنەوەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام دەدرێن.
پێشتر و لە ڕێکەوتی 3ـی ئایاردا، هەڵسەنگاندنی چوارەمی پۆلەکانی (یەک، دوو و سێی بنەڕەتی) کۆتایی هات. هەروەها تاقیکردنەوە کردارییەکانی قۆناغی ئامادەیی پیشەییش لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگەدا ئەنجام دراون.
قوتابیان لە ماوەی 10 ڕۆژدا سەرجەم تاقیکردنەوە تیۆرییەکان تەواو دەکەن. دوای کۆتاییهاتنی ئەم پڕۆسەیە، خوێندنی ئەمساڵ کۆتایی دێت و قوتابییان دەچنە پشووی هاوینە، تەنها ئەو قوتابییانە نەبێت کە دەکەونە خولی دووەم و پێویستە جارێکی دیکە تاقیکردنەوە ئەنجام بدەنەوە.