پایتەخت

جەلال شریت لە زیندانی کانی گۆمەیە

جەلال شریت لە زیندانی کانی گۆمەیە
کورتە

وردەکاریی دەستگیرکردنی جەلال شریت لە زارەی کوڕەکەیەوە.

کەسوکاری هونەرمەندی میللی (جەلال شریت) نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ناوبراو ڕادەگەیەنن و ئاماژە بەوە دەدەن کە نزیکەی دوو ساڵە بەبێ 'هیچ فەرمانێکی دادگا' لە زیندانی کانی گۆمە ڕاگیراوە. دانا جەلال، کوڕی هونەرمەندەکە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی باوکی دەکات و پرۆسەی دەستگیرکردنەکە بە 'نایاسایی' وەسف دەکات.

 

دانا جەلال شریت، كوڕی هونه‌رمه‌ندی میللی به‌ناوبانگی كورد ڕایگه‌یاند، باوکی لە ڕێکەوتی 21ی 11ی 2024، لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆدا لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی یەکێتییەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستگیرکراوە. دانا دەڵێت: لەو کاتەوە تا ئێستا باوکم لە زیندانی کانی گۆمەیە و ئەوەی بەرامبەری دەکرێت، ڕێکارێکی نایاساییە، چونکە هیچ پێشینەیەکی نوێی تاوانکاری و فەرمانی دادوەری بۆ ئەو دەستگیرکردنە نەبووە.

 

كوڕه‌كه‌ی ئاشکرای ده‌كات، کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا تەنها دوو جار توانیویانە باوکیان ببینن. جارێکیان دوای حەوت مانگ لە بێسەروشوێنبوونی بووە. دانا جەلال دەگێڕێتەوە کە باوکی لە کاتی دیدارەکەدا 'بە گریانەوە بێتاوانیی خۆی دووپات کردووەتەوە' و ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسەر 'کەیسە کۆنەکان' دووبارە دەستبەسەر کراوەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر لەسەر ئەو کەیسانە سزای یاسایی تەواو کردووە و بە بڕیاری دادوەر ئازاد کراوە.

 

سەبارەت بەو زانیارییانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە کە گوایە دەستگیرکردنی ناوبراو پەیوەندی بە گۆرانیی (سوهەیبە گیان)ەوە هەبێت، کوڕی هونەرمەندەکە بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی و دەستگیرکردنی باوکم هیچ پەیوەندییەکی بەو گۆرانییەوە نییە، بەڵکو ئێمە خۆشمان بە تەواوی نازانین هۆکار و مەبەستی پشت ئەم زیندانیکردنە دووبارەیە چییە.

 

ئەم کەیسە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەر دەستگیرکردنێک بەپێی یاسا و لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریدا بێت و مافی بەرگریکردن بۆ تۆمەتباران دابین بکرێت.

04 ئایار 2026 16:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026