تاران هۆشداریی توند دەداتە واشنتن
هەڕەشەی نوێی ئێران لە ئەمریکا؛ هێڵی سوور دیاریكرا.
لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی هێزی دەریایی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند؛ هەر هەوڵێک بۆ چوونە ناو گەرووی هورمز بەبێ هەماهەنگی، وەک پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت.
ئهمڕۆ ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگهیاند، هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو "سیستەمە دەریاییە نوێیە"ی کە لە گەرووەکەدا جێگیر کراوە، بە واتای هەڵوەشانەوەی ئەو ئاگربەستە دێت کە تەنها چوار هەفتەیە جێبەجێ کراوە.
ئەم گرژییە نوێیە کاتێک سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پڕۆژهی ئازادی بۆ ئۆپهراسیۆنی دهریایی ڕاگەیاند، بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە ماوەی دوو مانگە لە گەرووەکەدا پەکخراون. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی یەکگرتووی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی كردهوه ئاسایشی گەرووی هورمز تەنها و تەنها بەرپرسیارێتی تارانە و هەر جۆرە تێپەڕبوونێکی سەلامەت دەبێت لەژێر چاودێری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی ئەواندا بێت.
ئەم ململانێیە دەریاییە لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەن لە دوای جەنگە گەورەکەی 28ی شوباتەوە لە دۆخێکی نادیاردا دەژین. لە کاتێکدا واشنتۆن ئۆپهراسیۆنەکەی وەک هەنگاوێکی "مرۆیی" بۆ گەیاندنی خۆراک بە تاقمی کەشتییەکان وێنا دەکات، تاران وەک "پێشێلکاریی سەروەری" و هەوڵێک بۆ تێکدانی هاوسەنگییە نوێیەکانی ناوچەکە دەیناسێنێت.
گەرووی هورمز لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر لە لێواری تەقینەوەیە، بەتایبەت کە تاران ڕایگەیاندووە چیدی ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادات بەبێ ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵ و هەماهەنگی هێزەکانیاندا بێت، ئەمەش ئاڵۆزییەکی بێوێنە دەخاتە بەردەم هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان.