دەستگیرکردنی بکوژێک لە شارەزوور ڕاگهیهندرا
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی کوشتنی براکەی ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە قەزای شارەزوور توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە لە کێشەیەکی خێزانیدا برایەکی خۆی بە چەقۆ کوشتووە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردهوه، دوای ڕووداوێکی کوشتن لە قەزای شارەزوور، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزوور و تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. دوای ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی تاوانەکە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەژێر چاودێری دادوەر دەستیپێکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پۆلیسی سلێمانی، بەهۆی گوشاری هێزەکانیان و بەدواداچوونی چڕ، تۆمەتباری ڕووداوەکە کە گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 2006ه و بە نیشانەی کورتکراوەی (ئـ، ئـ، ع) ناسێنراوە، ناچار بووە خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی شارەزوور بکات.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە. لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە و وردەکارییە یاساییەکان لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە.