دەبێت عێراق چاو لە هەرێمی کوردستان بکات
پڕۆفیسۆرێکی کورد هۆشداری لە قەیرانێکی مەترسیداری ژینگەی عێراق دەدات؛ هەرێمی کوردستان وەک نموونەی چارەسەری قەیرانی ژینگەیی لەناوچەکە دەهێنێتەوە.
عێراق لە لەبەردەم قەیرانێکی مەترسیداری ژینگەیی
نووسینی: پڕۆفیسۆر دکتۆرە بوشرا خۆشناو
قەیرانی ژینگە لە عێراق ئێستا تەنها بابەتێکی خزمەتگوزاری یان کێشەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشە ستراتیژییەکان کە ئاسایشی تەندروستی و خۆراک و ئابووریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
عێراق ئێستا لە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدایە، کە تێیدا کێشە سروشتییەکان و لاوازی بەڕێوەبردن تێکەڵ بوون و دۆخێکی ئاڵۆزی دروست کردووە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵێت، قەیرانێک کە بە خێرایی گەشە دەکات، وەک دیاردە جیهانییەکان
( Climate Change و Global Warming).
ئەمە تەنها بابەتی زانستی نین، بەڵکوو بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی عێراق نائاسایی بوونی بارانبارین تا بەرزبونەوەی پلەی گەرمی، کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو تا خێرابوونی بە بیابانبوون، هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە ژینگەی عێراق دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدار کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا هەیە.
کاریگەرییەکان تەنها ژینگە نییە،کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە سنووری ژینگە تێدەپەڕن و دەگەنە:
- دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک
- زیادبوونی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوون
-فشاری زیاتری ئابووری
- دابەزینی کوالێتی ژیان لە شارەکان
ئەمە قەیرانێکی گشتییە کە کاریگەری لەسەر
هەر ماڵێک هەیە.
“ بەڕێوەبردنی لاواز… هۆکاری قووڵتر بوونی کێشە، لەگەڵ مەترسییەکانی سروشت، لاوازی لە سیستەمی بەڕێوەبردن کاریگەرییەکان دووبارە زیاد دەکات بە تایبەتی لە:
- بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو
- کۆنترۆڵی پیسبوونی پیشەسازی
- سیستەمی پاشماوە، ئینجا کێشەکە لە قەیرانی سروشتی دەگۆڕێت بۆ قەیرانی بەڕێوەبردن.
پاشماوە… مەترسییەکی ڕۆژانە
یەکێک لە دیاردە ئاشکرا و مەترسیدارەکان، کێشەی پاشماوەیە، بە تایبەتی لە شوێنە گەشتییەکان.
پاشماوەی بەجێهێڵدراو دوای سەیران تەنها ڕەفتارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو نیشانەی کەمبوونی هۆشیاری و لاوازی خزمەتگوزارییەکانە.
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی:
- پیسبوونی خاک و ئاو
- زیان بە ڕووپۆشی سەوز
- زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان
ئایا چارەسەر هەیە؟
“بەڵێ چارەسەر هەیە بەڵام پێویستی بە بڕیارە، رەوڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە پێویستی بە هەنگاوی ڕاستەوخۆی حکومەت هەیە وەک:
- دانانی ستراتیژییەکی نەتەوەیی بۆ ئاو
- نوێکردنەوە و بەهێزکردنی یاساکانی ژینگە
- سنووردارکردنی پیسبوونی پیشەسازی
- پشتگیری لە وزەی پاک
- دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی پاشماوە
- لە هەمان کاتدا، ڕۆڵی هاوڵاتی و میدیا گرنگە بۆ گۆڕینی ڕەفتار و بەرزکردنەوەی هۆشیاری.
زانست چارەسەر پێشکەش دەکات… ئایا بەکاری دەهێنین؟
ئەمڕۆ زانست ڕێگا نوێکان پێشکەش دەکات، وەک Bioremediation، کە بە بەکارهێنانی میکرۆئۆرگانیزمەکان دەکرێت:
- ئاو و خاک پاک بکرێنەوە
- ماددە پیسکەرەکان بشکنرێن
- ژینگە بپارێزرێت بە شێوەی سروشتی
ئەم ڕێگایانە لە جیهاندا جێبەجێ کراون و دەتوانرێت لە عێراقیش بەکاربهێنرێن.
( هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو) هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگەکەی چی بوون:
- دروستکردنی بەنداو و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان
- دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆلیدەکان، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پاکی هەوا دروست کردووە.
- پشتێنەی سەوزایی ئەم نموونەیە دەریدەخات کە کاتێک پلاندانان و ئیرادە هەبێت، گۆڕانکاری دەکرێت.
بڕیار ئێستا دەدرێت… نەک سبەی
عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنێکی ڕووندايە:
یان هەنگاوی خێرا بگرێت بۆ چارەسەری قەیرانەکە، یان بچێتە ڕێگەیەک کە دەگاتە قەیرانێکی قووڵتر و گرانتر.
ئەمە تەنها کێشەی ژینگە نییە…
بەڵکوو کێشەی بوون و ئاسایش و داهاتووە.