بەدەل بەرواری: ئەگەر بارەگا نەگوازنەوە هەولێر ئەوا پەیوەندیم بە هەڵوێستەوە نامێنێت
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی هەڵوێست هەڕەشەی خۆ سڕ کردن لە ڕەوتی هەڵوێست دەکات
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی هەڵوێست چەندین مەرج بۆ مانەوەی لە حزبەکە دەخاتە بەردەم عەلی حەمە ساڵح، هەڕەشەی خۆ سڕ کردن لە ڕەوتی هەڵوێست دەکات.
بەدەل بەرواری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەردنی هەڵوێست و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی هەڵوێست نووسراوێکی ئاڕاستەی ڕەوتی هەڵوێست دەکات، بەو ئومێدە بەشداری کردووە و کە هەڵوێست ببێتە حزبێکی ڕێخکراو و دامەزراوەیی، نەک تەنیا لیستێکی هەڵبژاردن بێت بۆ گەیشتنی چەند کەسێک بە پەرلەمان، سەرەڕای ئاگادار کردنەوەیان تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی سەرەتایی حزبەکە بەڕێوە دەچێت.
بەدەل بەرواری پێنج مەرج بۆ مانەوەی لە ڕەوتی هەڵوێست دیاری دەکات، پێویستە لە ماوەی دوو مانگ مەرجەکانی جێبەجێ بکرێن:
- پێداچوونەوە لە دەستەی بەڕێوەبردن دا.
-پێکهێنانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
-گواستنەوەی بارەگای سەرەکەی بۆ هەولێری پایتەخت، کردنەوەی بارەگا لە سەرجەم شوێنەکانی دیکە.
-ڕێکخستنی لیژنەی قەزاکان.
-دیاری کردنی کاتی کۆنگرە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو.
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەردنی هەڵوێست جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەم خاڵانە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بڕیاری سڕکردنی بدرێت تا کاتی کۆنگرە و لەکاتی گەیشتنی ئەم نووسراوە پەیوەندی بە ڕەوتی هەڵوێستەوە نامێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، عەلی حەمە ساڵح لە پەرلەمانی کوردستان بەتەنیا دەمێنێتەوە، چونکە زۆربەی ئەندامانی ئەم حزبە وازیان هێناوە، هاوکات بەدەل بەرواری ئەمڕۆ بەشداری لە پێشوازی کردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدردراوی عێراق بۆ لای حزبەکەی نەکردبوو.