بارانی بەهاری و تەرزە ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەکات
هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەپۆلێکی ناسەقامگیری کەشوهەوادایە؛ هۆشداریی لێزمەباران و تەرزە دەدرێت
بەپێی دوایین پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم و لێدوانی شارەزایانی کەشوهەوا، ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی شەپۆلێکی ناسەقامگیریی بەهاریدان. پێشبینی دەکرێت ئەم دۆخە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت و ببێتە هۆی بارینی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەدا.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند: ناسەقامگیرییەکەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و سۆران بە لێزمەباران دەست پێ دەکات. هاوکات لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و بەتایبەت ئیدارەی گەرمیان، هۆشداری دراوە لە زیادبوونی خێرایی با و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی شیوەکان بەهۆی لێزمەبارانی بەردەوامەوە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم پێشبینی دەکات، بۆ سبەی چوارشەممە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا کەشێکی "ناسەقامگیری بەهاری" دروست ببێت، کە تێیدا لە ناوچەیەکدا بارانی بەخوڕ ببارێت و لە ناوچەیەکی دراوسێیدا هیچ دابارینێک نەبێت؛ ئەمەش تایبەتمەندیی بارانی ئەم وەرزەیە.
سەبارەت بەم شەپۆلە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ ئەمشەو و سبەی چوارشەممە، کاریگەریی ئەم ناجێگیرییە بە چالاکی بەردەوام دەبێت. لە زۆربەی ناوچەکان ناوبەناو هەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ دەبێت، هەروەها لە هەندێک شوێن ئەگەری بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە لە ئارادایە."
ناوبراو دەشڵێت: "لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت، تەنها لە سنووری ئیدارەی سۆران ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی هەینی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 3 بۆ 4 پلە بەرز دەبنەوە و کەشەکە بەتەواوی ئارام دەبێتەوە."