شهپۆلێكی سهرما و باران و تۆز و خۆڵ كوردستان دهگرێتهوه
شەپۆلێکی سارد ڕوو لە كوردستان دەکات؛ پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم و شارەزایانی بواری کەشناسی ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە کەشوهەوای ناوچەکە دەکەن، بە جۆرێک لە درەنگانی ئەمشەوەوە بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بارینی تاوە باران و تەرزە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی دووشەممە، ئاسمانی هەرێم بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. بهپێی ڕاگهیهندراوهكه، پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان 6-8 پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان 7-9 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
کەشناسی ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەگەری بارینی گەواڵە بارانی بەهاری و هەورە تریشقە لە ناوچە سنووری و شاخاوییەکان هەیە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی شەوی یەکشەممەوە بەفر لەسەر لوتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکان ببارێت. لەبارەی سەنتەری شارەکانیشەوە، ڕایانگەیاند کە ئەگەری دابارینی تۆزوخۆڵ بە تێکەڵی لەگەڵ دڵۆپە باران هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئاشكرای كرد، کاریگەری ئەم بارستە هەوا ساردە لە دەریای ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە بەرەبەیانی سبەی دووشەممەوە ناجێگیری لە کەشوهەوادا دروست دەبێت و تاوە باران و هەورە بروسکە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین دەگرێتەوە.
ئەم شارەزایە ڕێژەی بارانبارینی لە نێوان 1 بۆ 15 ملیمەتر خەمڵاند و گوتی: ئەم کەشە فێنکە لە ڕۆژدا و ساردە لە شەواندا، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی دووشەممە:
هەولێر: 19 پلە
سلێمانی: 17 پلە
دهۆک: 16 پلە
کەرکوک: 21 پلە
هەڵەبجە: 20 پلە
گەرمیان: 22 پلە
حاجی ئۆمەران: 8 پلە