هێڵێکی گەرم بۆ وەرگرتنی سکاڵای کرێکاران ڕاگەیەنرا
هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی نوێ لە پاراستنی کرێکاران پێشکەش دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاراستنی مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت، سیستەمێکی پێشکەوتووی بۆ وەرگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاکان کاراکرد، کە تێیدا کرێکاران دەتوانن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک لە شوێنی کارەکانیان، لە ڕێگەی پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی (skala.gkrd.krd) سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.
ئهمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، پرۆسەی کارکردن له پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی (skala.gkrd.krd)، بە شێوەیەک داڕێژراوە کە سەرەتا کرێکار فۆرمێکی تایبەت پڕدەکاتەوە و وردەکاری کێشەکە و بەڵگەنامە پێویستەکان پێشکەش دەکات، پاشان لایەنی پەیوەندیدار دەستبەجێ دەست دەکات بە وردبینییە یاسایی و کارگێڕییەکان، کە ئەمەش قۆناغی دووەمی بەدواداچوونە.
بهپێی بڵاوكراوهكه، لە هەنگاوی سێیەمدا، لێژنە تایبەتمەندەکان و چاودێرانی کار سەردانی مەیدانیی شوێنی مەبەست ئەنجام دەدەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی واقیعی حاڵ و دڵنیابوونەوە لە سکاڵاکە، تاوەکو لە کۆتاییدا و لە هەنگاوی چوارەمدا، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.
ئاماژه بهوهش دراوه، حکومەتی هەرێم بۆ ئاسانکاریی زیاتر و ڕەچاوکردنی دۆخی هەموو چینەکان، هێڵی گەرمی (5500)ی بۆ ئەو کرێکارانە تەرخان کردووە کە خوێندەوارییان نییە یان توانای بەکارهێنانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەیان نییە، تاوەکو ئەوانیش لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە سکاڵاکانیان بگەیەنن و بە هەمان شێوە بەدواداچوونی ورد بۆ داواکارییەکانیان بکرێت.
بهپێی زانیارییهكان، لە ڕێگەی هەمان پۆرتاڵەوە، کرێکاران دەتوانن لە بەشی "دۆخی سکاڵا" بەردەوام ئاگاداری قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ئەنجامی کۆتایی کەیسەکانیان بن، کە ئەمەش شەفافییەتێکی تەواو دەدات بە پرۆسەکە و دڵنیایی دەداتە کرێکاران کە مافەکانیان لە کەرتی تایبەتدا چیتر پشتگوێ ناخرێت.
ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان کرێکار و خاوەنکار و چەسپاندنی یاسای کار داڕێژراوە و تێیدا گەرەنتی پاراستنی نهێنیی زانیارییەکان و مامەڵەی پیشەیی لەگەڵ کەیسەکاندا کراوە.