مەرگی هانی شاکر؛ خەمێک بۆ هەموو ماڵێکی عەرەبی
کۆچی دوایی "میری گۆرانیی عەرەبی"؛ هانی شاکر لە تەمەنی 73 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد
ناوەندە هونەری و کولتوورییەکانی جیهانی عەرەبی، خەمباریی قووڵی خۆیان بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی میسری، هانی شاکر ڕاگەیاند، کە دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆچی دوایی کرد.
ئهمڕۆ شەریف هانی شاکر، کوڕی هونەرمەندەکە، بە فەرمی هەواڵی گیانلەدەستدانی باوکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن پشتڕاستکردەوە. هانی شاکر، کە بە "میری گۆرانیی عەرەبی" دەناسرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستییەوە گواسترابووەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی پاریس. سەرەڕای مانەوەی لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا، دواجار جەستەی بەرگەی نەخۆشییەکەی نەگرت و گیانی سپارد.
هانی شاکر تەنها گۆرانیبێژێک نەبوو، بەڵکو ستوونێکی سەرەکیی مۆسیقای کلاسیکی عەرەبی بوو. کاروانی هونەریی ئەو زیاتر لە 50 ساڵی خایاند، کە تێیدا: 29 ئەلبوومی ستۆدیۆیی بڵاوکردەوە. ههروهها زیاتر لە 600 گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە کە وەک شاکاری مۆسیقا پۆلێن دەکرێن. لە بواری نواندنیشدا، بەشداریی لە فیلمە ناسراوەکانی وەک "کاتێک خۆشەویستی گۆرانی دەڵێت" و شانۆگەریی "سەندرێلا" کردووە.
کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە بە زیانێکی گەورە بۆ هونەری عەرەبی دادەنرێت، چونکە ئەو یەکێک بوو لەو دەنگە دەگمەنانەی کە توانیبووی ڕەسەنایەتی مۆسیقای کۆن و نوێ پێکەوە گرێ بدات. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ میسر و لە مەراسیمێکی شکۆداردا بە خاک بسپێردرێت.
هانی شاكر لە ساڵی 1952 لە قاهیرە لەدایکبووە. دەرکەوتنی ئەو لە ساڵانی حەفتاکاندا هاوکات بوو لەگەڵ بوونی كهسایهتییهكی وەک عەبدولحەلیم حافیز. تەنانەت دەوترێت کاتێک "حەلیم" بۆ یەکەمجار گوێی لە دەنگی بووە، پێشبینی دواڕۆژێکی گەورەی بۆ کردووە. یەکەم گۆرانیی بە ناوی "کەمانا" و پاشان "حلوة يا دنيا"، ڕێگەی ناوبانگی بۆ خۆش کرد.
هانی شاكر بەوە ناسراوە کە شێوازێکی کلاسیکی و پڕ لە سۆزی هەیە. ئەو لە کارەکانیدا هەمیشە جەخت لەسەر کوالێتی تێکست و ئاواز دەکاتەوە. خاوەنی زیاتر لە 28 ئەلبوومە و چەندین گۆرانیی نەمری وەک "يا ريتني"، "لسة بتسألي" و "علي الضحكاية"ی پێشکەش بە کتێبخانەی مۆسیقای عەرەبی کردووە.
جگە لە لایەنە هونەرییەکە، هانی شاكر بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک نەقیبی سەندیکای پیشە مۆسیقییەکانی میسر خزمەتی کرد. لەو ماوەیەدا بە یەکێک لە توندترین بەرگریکارانی ڕەسەنایەتی مۆسیقا دادەنرا و بە شێوەیەکی بەردەوام دژی بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکانی (مەهرەجانات) دەوەستایەوە، بەو پێیەی پێی وابوو ئەو جۆرە مۆسیقایە زیان بە مێژووی هونەری میسر دەگەیەنێت.