پایتەخت

نامەیەکی تەقەکەری هۆتێلەکەی واشنتن ئاشكرا بوو

نامەیەکی تەقەکەری هۆتێلەکەی واشنتن ئاشكرا بوو
کۆل تۆماس ئاڵن
کورتە

ئامانجی تەقەکەری هۆتێلەکەی واشنتن ئاشكرا بوو و لە نامەیەکەدا ڕەخنە لە خوودی سەرۆکی ئەمریکا دەگرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ڕووداوی تەقەکردنەکەی هۆتێلەکەی واشنتن و دەنگۆی "دەستدرێژی سێکسی" هاتە دەنگ و هەموو شتێک ڕەت دەکاتەوە.

دوای ئەوەی شەوی شەممەی ڕابردوو کۆڵ تۆماس ئاڵنی تەمەن 31 ساڵان، لە نێو هۆتێلی واشنتن هیلتن بە خاڵێکی پشکنینی ئەمنیدا رایکرد، لە نزیک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەقەی کرد و دواتر دەستگیرکرا، نامەیەکی بەر لە هێرشەکە (مانیفێستۆ)ـی ئاشكرا بوو و تێیدا داوای لێبووردنی لە کەسە نزیکەکانی خۆی کرد و جەختی کردەوە، کە چیتر ئامادە نییە دەستی بە تاوانی کەسێکی "منداڵباز و دەستدرێژیکار" خوێناوی بێت.

دوای ئەم ڕووداوە و بڵاوبوونەویەی نامەی تەقەکەرەکە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 60 خولەک لە وەڵامی "دەزانیت کە تۆ ئامانجی هێرشەکە بوویت؟" ڕایگەیاند: "نازانم، نامەکەم (هی تەقەکەرکە) خوێندەوە و ئەو تووندڕەو کرابوو، سەرەتا کریستیان بووە و دواتر زۆر گۆڕاوە و دژی کریستیانەکان وەستاوەتەوە، کەسوکارەکەی گلەییان لێکردووە، ئەو کەسێکی زۆر نەخۆشە."

ترەمپ هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا، دەنگۆی تۆمەتی "مندڵبازی" لەلایەن تەقەکەرەکە ڕەتکردەوە و گووتی: "من منداڵباز نیم، هەرگیز دەستدرێژی سێکسیم نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک، شەرمە بۆ تۆ (پێشکەشکارەکە) نامەی ئەم کەسە نەخۆشە بۆ من دەخوێنیتەوە، من هەر بەرلەوەی ئەم چاوپێکەوتنە بکەم دەمزانی ئەم بابەتە دەوروژێنیت."

لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە شڵەژانی ژنەکەی خۆی لە کاتی ڕووداوەکە کرد و گووتی: "من لە کاتی هێرشەکەدا نەشڵەژام، چونکە من لە ژیان تێدەگەم و لە جیهانێکی شێتانەدا دەژین، بەڵام خانمی یەکەم ترسابوو."

کۆل تۆماس ئاڵن خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیکە، پیشەی مامۆستایە و پەرەپێدەری یارییە ڤیدیۆیەکانە لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا. ساڵی ڕابردووش بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کۆمپیوتەر بەدەستهێنا. ناوبراو لایەنگری پارتی دیموکراتەکانە و بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا (FEC)، لە ساڵی 2024 لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، 25 دۆلاری بە کەمپەینی کامالا هاریس بەخشی بوو، وابڕیاریشە ئەمڕۆ دادگەیی بکرێت.

27 نیسان 2026 13:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026