ئەمریکا باری لەناکاوی ڕاگەیاند
بە بەهای چەندین ملیار دۆلار ئەمریکا چەک بە ئیسرائیل و چەندین وڵاتی دیکەی هاوپەیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
ئەمریکا داواکارییەکانی کۆنگرێس لە وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ بەردەوامدان بە جەنگ پشتگوێ دەخات و "باری لەناکاو" ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کەناڵی سی ئێن ئێن لەزاری وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا ئاشكرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەکی بە بەهای 8.6 ملیۆن دۆلار بە وڵاتانی ئیسرائیل، قەتەڕ، ئیماڕات و کوێت داوە.
چەکەکان پێکدێن لە سیستەمی بەرگری بۆ کوێت و قەتەڕ، مووشەکی لەیزەری بۆ ئیسرائیل و قەتەڕ و ئیماڕات.
ناردنی ئەم چەکانە لە کاتێکدایە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "بارێکی لەناکاو"ـی ڕاگەیاندووە و بەگووتەی وەزارەتەکە، بە وردی ڕەوایەتی فرۆشتنی چەکەکانی بە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، بەمەش جەختی لە خێراکردنی پڕۆسەی ناردنی چەکەکان کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی رەزامەندی و پێداچوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت.
ئەمە یەکەمجار نییە ئیدارەی ترەمپ "باری لەناکاو" ڕابگەیەنێت و پێشووتر لە سەرەتای مانگی سێ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە کۆنگرێس، فەرمانی بە ناردنی 12 هەزار بۆمبی بۆ ئیسرائیل دا. دواتر لە کۆتایی هەمان مانگ، مارکۆ ڕوبیۆ فەرمانی بە خێراکردنی پڕۆسەی ناردنی چەک بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆ وڵاتانی ئیماڕات، کوێت و ئوردن دا.