ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی مامەڵەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان
مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان قەدەغە دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری تووند بەو کەسانە دەدات کە مامەڵە بە دراوی ئەلیکترۆنی دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمییان نییە، بۆیە بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە.
وەزارەتەکە جەختیش دەکاتەوە، هەر کەس و گرووپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و سزا دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە هۆکاری نەبوونی مۆڵەتی هاووڵاتییان بۆ مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی کردووە و دەڵێت: "لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم، هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی بوونی نییە کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان لەم بابەتە بپارێزێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، وە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.