پایتەخت

محەممەد حاجی مەحموود سەرکەوتنی ئێرانی ڕاگه‌یاند

محەممەد حاجی مەحموود سەرکەوتنی ئێرانی ڕاگه‌یاند
کورتە

محەممەد حاجی مەحموود پێیوایه‌، ئێران لە دوو جەنگی گەورەدا خۆی ڕاگرت و سەرکەوت.

محەممەد حاجی مەحموود، لە نوێترین هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ دۆخی ناوچەکە، ئاماژەی بە گۆڕانکاریی جەوهەری لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. ناوبراو پێی وایە ئەو گریمانانەی کە باسیان لە ڕووخانی خێرای تاران دەکرد، شکستیان هێناوە.

 

ئه‌مڕۆ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران "هەمووی هەڵە بوون". ئاماژەی بەوە کرد کە ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا وایان دەزانی دەکرێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا کۆتایی بە پێگەی ئێران بهێنرێت، بەڵام ڕاستییە مەیدانییەکان پێچەوانەکەیان سەلماند؛ ئێران نەک هەر خۆی ڕاگرتووە، بەڵکو توانیویەتی لە دوو جەنگی گەورەدا سەقامگیریی خۆی بپارێزێت.

 

محەممەد حاجی مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە قبوڵکردنی پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لە لایەن هێزە جیهانییەکانەوە، بە واتای دانپێدانانە بە "سەرکەوتنی ئێران". سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆ، گوتی: جەنگی ئەمریکا و ئێران دەستپێناکاتەوە، چونکە ئیدارەی ترەمپ لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر جۆرێک بێت خۆی لەو ململانێیە "ڕزگار بکات" و نایەوێت زیاتر تێوەبگلێت.

02 ئایار 2026 16:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026