مەسرور بارزانی بۆ عەلی زەیدی: ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبین
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق: دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان دەدات، کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی حکومەتی فیدراڵ و شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاشکرای دەکات،: "ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبین، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان".
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بێت.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دووپاتی کردەوە، بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەن کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.