ترەمپ هەڕەشەی نوێ لە ئێران دەکات
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت سەرکردایەتی ئێران پارچە پارچە بووە و کەس نازانێت قسەی کۆتایی لەلای کێیە.
ترەمپ دووبارە پێشنیازێکی نوێی ئێرانی بۆ دانوستان ڕەت کردەوە و ڕەخنەی تووندیش لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەگرێت.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرکردایەتی ئێران لە نێو خۆیاندا کێشەیان هەیە و بوونەتە چوار گرووپ، کەس نازانێ لە ئێران قسەی کۆتایی لای کێیە. ئەوان ڕێککەوتنییان دەوێت، بەڵام دڵنیا نیم لەگەڵیان بگەیەنە ڕێککەوتن.
سەرۆکی ئەمریکا لە پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لەبارەی وەستانەوەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە دژی جەنگەکە گووتی: "هەردوولا پێیان ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەر کەسێک پێیوابێت ئاساییە کە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، کەسێکی زۆر زیرەک نییە، ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت جیهان ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە کە هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینیەوە."
لەبارەی دواین پێشنیازی ئێرانیش بۆ دانوستان، کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ ئەمریکا نێردرا، ترەمپ گووتی: "ئەوان داوای شتانێک دەکەن کە من ناتوانم پێیان رازی بم، یان لەناویان دەبەین یان دەگەینە رێککەوتن، ئاگربەستەکە کاتێکی زیادەمان پێدەبەخشێت، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران خەیاڵییە و زۆر بەهێزە، رژێمی ئێران بە شێوەیەکی خراپ پارچەپارچە بوون."
لەلایەکی دیکەوە، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەرووی هورمزی وەک "بۆمبی ئەتۆمی" وەسف کرد و جەختی کردەوە، کە گەرووەکە رێڕەوێکی نێودەوڵەتی نییە و بە مافی سروشتی ئێرانی دەزانێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان و ئێران کۆنترۆڵکردنی ئەم رێڕەوە ئاوییە وەک بەهێزترین چەکی خۆی بۆ فشار خستنە سەر بازاڕی نەوت و ئابووری جیهان دەبینێت.