بارانی بەلێزمە و تەرزە دهبارێت
هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی تاوە باران و هەورەبروسکەی بەهێز
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی کەشناسی و وێنەی مانگە دەستکردەکان، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکەی چڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە فراوانتر بێت و زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بگرێتەوە.
ئهمڕۆ هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگهیاند، کە هەورەبروسکەی چڕ لە ئێستادا چوونەتە ناو سنووری ڕۆژئاوای موسڵ و ئیدارەی زاخۆ. پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی شەودا شەپۆلەکە چڕتر بێتەوە و ببێتە هۆی بارانی بەلێزمە و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بارینی تەرزە هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، له 48 کاتژمێری داهاتوو ناسەقامگیری لە کەشوهەوادا درێژهی دەبێت. بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ، ئەگەری تاوە بارانی بەهاری و هەورە تریشقە لە ئارادایە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەری ئەم ناسەقامگیرییە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 27ی نیسان، بەردەوام دەبێت و ناوچەکانی پیرمام، شەقڵاوە، هەریر، سۆران، کۆیە، تەقتەق و پاشان ئیدارەی ڕاپەڕین و کەرکووک و گەرمیان دەگرێتەوە.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی کەم ڕووبدات و بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان 29 پلە و نزمترین لە حاجی ئۆمەران 17 پلەی سیلیزی بێت. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و ئاراستەکەشی لە نێوان باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتدا دەگۆڕێت.