ئینتەرنێتی ئێران لە مەترسیدایە
قەیرانی ئینتەرنێت لە ئێران؛ 64 ڕۆژ دابڕان و هۆشدارییەکانی نێت بلۆکس
قەیرانی پەیوەندییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە. بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "نێت بلۆکس"، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران گەیشتووەتە 64ـەمین ڕۆژ و کۆی کاتژمێرەکانی دابڕان 1512 کاتژمێری تێپەڕاندووە.
ئهمڕۆ ڕێکخراوی "نێت بلۆکس"، کە چاودێریی ئاسایشی ئینتەرنێت و ئازادیی دیجیتاڵی لە جیهاندا دەکات ڕایگهیاند، کە ئاستی پچڕانەکان گەیشتووەتە ڕادەیەک، مەترسیی دابڕانی تەواوەتی (Total Blackout) لە ئارادایە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئینتەرنێتی ناوخۆیی ئێران خەریکە بە تەواوی لە سیستەمی جیهانی جیا دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان دەبێت.
لە هەوڵێکدا بۆ تێپەڕاندنی فشارەکان، حکومەتی ئێران پەیڕەوی سیستەمێکی "جیاکاری" (Discriminatory Access) دەکات. ئەم پڕۆژەیە تەنها ڕێگە بە هەندێک توێژی پیشەیی و کەسایەتی دیاریکراو دەدات دەستیان بە ئینتەرنێتی جیهانی بگات. بەڵام ئەم هەنگاوە لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەندیکا پیشەییەکانەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە.
گرووپێک لە پارێزەران و پەرستاران، وەک هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی، ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین ئەو "ئیمتیازە" وەربگرن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت مافێکی گشتگیرە و پێویستە بۆ هەموو هاووڵاتیان بە بێ سانسۆر فەراهەم بکرێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، لهگهل فرلوانبوون و گهشهسهندنی جهنگی ئێران لهگهڵ ئهمریكا و ئیسرائیل، هێڵهچهكانی ئینتهرنێت به تهواوی له وڵاتهكه لهلایهن بهرپرسانی باڵای وڵاتهكه پچڕێندرا.