حاجیان بەبێ ماندووبوون گەشت دەکەن
گەشتی حاجیان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پڕۆسەی حەج ئاشكرای كرد، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەتایبەت بەدواداچوونی مەیدانیی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، سەرجەم ڕێکارەکان بۆ گواستنەوەی حاجیانی هەرێم لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە کۆتایییان هاتووە.
ئهمڕۆ ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پڕۆسەی حەج ڕایگهیاند، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراقی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی، بڕیاری کۆتایی درا کە گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو شاری جەددەی سعودییە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی گەشتەکان، ڕۆژگار جەعفەر گوتی: ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 7\5\2026، یەکەم کاروانی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەڕێ دەکەوێت و لە ڕۆژی دواتریشدا، یەکەم گەشتی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەستپێدەکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی ئەرکی سەر شانی حاجیانی کوردستانە، تا بتوانن بەبێ گرفت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ جێبەجێ بکەن.