کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی: دانوستان شکست دەهێنێت و ئیسرائیل ئامادەی هێرشکردنە
ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکەن؛ بۆیەکەمجار لە مێژوودا فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا داوای ناردنی جۆرە مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئێران کردووە.
تا ئێستا پێشبینییەکان دەریدەخەن کە هیچ ئەگەرێکی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادا نییە و ئیسرائیلیش دۆخەکەی بە دڵە.
ئەمڕۆ هەینی، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و پێشبینی دەکەن دانوستانەکان لەم هەفتەیەدا بەتەواوی شکستبهێنن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەمزوانە فەرمانی دەستپێکردنەوەی جەنگ بدات.
هاوکات براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سینتکۆم) و دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، پلانێکی نوێیان پێشکەشی ترەمپ کردووە، تێیدا پێشنیاری هێرشێكی کورت و بەهێز دژی ئێران کراوە، بەتایبەتی بۆ سەر ژێرخان و وێستەگەکانی وزەی وڵاتەکە، ئەمەش بە هیوای شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان.
هەر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی جەنگ، پێگەی بلوومبێرگ ڕایگەیاندووە، فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا داوای ناردنی مووشەکی هایپەرسۆنیک (هەڵۆی ڕەش)ـی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە تا لە دژی ئێران بەکاریبهێنن. ئەمەش بۆیەکەمجارە واشنتن ئەم جۆرە مووشە بەکاربهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ ئێران دواین پێشنیازی خۆی بۆ دانوستان لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ ئەمریکا ناردووە، تێیدا، ئامادەیی نیشانداوە هێرشەکانی لە تەنگەی هورمز رابگرێ، لە بەرامبەردا ئەمریکا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ و دانوستاندنە ئەتۆمییەکانیش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن. ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ترەمپ پێشنیازێکی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕەتکردەوە، چونکە باسی پڕۆگرامی ئەتۆمی تێدا پشتگوێ خرابوو.